Erbil 31°C پێنجشەممە 02 تەمووز 20:17

سەرۆکوەزیرانی بریتانیا: دانوستان لەسەر گەرەنتیی ئەمنی بۆ ئۆکراینا بەردەوام دەبێت

کوردستان TV
100%

کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا بە کەناڵی "بی بی سی"ی ڕاگەیاند دانوستان لەگەڵ ئەمریکا لەسەر گەرەنتیی ئەمنی بۆ ئۆکراینا ئەمرۆش هەر بەردەوام دەبێت.

ڕۆژی دووشەممە 18ـی ئابی 2025، کیێر ستارمەر کە لەگەڵ شاندێکی سەرکردەکانی ئەورووپا سەردانی واشنتنی کردووە ڕایگەیاند: "بڕیارە لەسەر گەرەنتییە ئەمنییەکان بۆ ئۆکراینا کار بکەین و تیمەکانی هەردوو لا ئەرکی تایبەتیان پێ سپێراوە. هێندێک لە تیمەکان ڕۆژی سێشەممە دەگەنە ئەمریکا بۆ ئەوەی وردەکارییەکان دەست پێ بکەن".

ستارمەر گوتیشی ئەم گەرەنتییانە دەبنە هۆی دڵنیایی خەڵکی ئەوروپا و بە تایبەتیش ئۆکراینا و بریتانیا. ئاماژەی بەوەش کرد بە ئەنجامی گەڕی یەکەمی دانوستانەکان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ دڵخۆشە و هەردوو لا لەسەر "ڕێککەوتن لەسەر گەرەنتییە ئەمنییەکان" و "بەرەوپێشچوون لە بواری دانوستانە دووقۆڵی و سێقۆڵییەکان" پێشکەوتنی باشیان هەبووە.

ئەو گەرەنتییە ئەمنییەی وڵاتانی ئەوروپا باسی دەکەن بژاردەکانی "ئامادەیی هێزی سەربازی ئەمریکا و ئەوروپا لە ئۆکراینا پاش ڕاگەیاندنی ئاشتی"، "چاودێریی ئاسمانی و دەریایی لە سنوورەکانی ئۆکراینا"، "پێشکەشکردنی زانیاریی هەواڵگری لە ڕێگای دیمەنەکانی مانگی دەستکرد" و "پشتیوانیی لۆجستی لە هەر هێزێکی چەکدار کە بە سەرۆکایەتیی بریتانیا و فەڕەنسا لە ئۆکراینا جێگیر دەبێت"، لەخۆ دەگرێت.

ڕۆژی دووشەممە شاندێکی ڕێبەرانی وڵاتانی ئەوروپا کە لە سەرۆکوەزیرانی بریتانیا، سەرۆککۆماری فەڕەنسا، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، سەرۆککۆماری ئۆکراینا، سەرۆککۆماری فینلەندا، سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا، سکرتێری گشتیی ناتۆ و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا پێکهاتبوو، لە سەردانێکدا بۆ واشنتن، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆبوونەوە.

 ئامانج لەم دیدارە بوار خۆشکردن بۆ ئاگربەست لە شەڕی ئۆکراینا و لە کۆتاییدا ئاشتی لە نێوان مۆسکۆ و کیێفدایە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.