Erbil 31°C سێشەممە 30 حوزەیران 17:30

پێش کۆبوونەوەی ترەمپ و پوتین ئەوروپا 5 مەرجی سەرەکیی داناوە

کوردستان TV
100%

پێش دیداری چاوەڕوانکراوی نێوان ترەمپ و پوتین لە ئالاسکا، ئەوروپا پێنج مەرجی وەکوو هێڵی سوور داناوە کە سەرەکیترینیان راگرتنی دەستبەجێی شەڕە وەک مەرج بۆ گفتوگۆکانی داهاتوو.

ڕۆژی پێنجشەممە، 14ـی ئاب، سەرکردەکانی ئەوروپا پێش کۆبوونەوەکەی ڕۆژی هەینی لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پوتین، کە بڕیارە لە ئالاسکا بەڕێوەبچێت، لەسەر پێنج مەرج رێک کەتوون کە نابێت لە دۆسیەی ئۆکراینا ببەزێندرێت.

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند مەرجەکانی ئەوروپییەکان جەخت لەسەر ئەم خاڵانە دەکەنەوە:

ئاگربەست: پێویستە ئاگربەستێکی گشتگیر ڕابگەیەنرێت پێش ئەوەی بچنە ناو وردەکارییەکانی ترەوە.

خاکی ئۆکرانیا: ڕەتکردنەوەی هەر گفتوگۆیەک لەسەر سازشکردن لەسەر خاکی ئۆکراینا بەبێ ئامادەبوونی زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا.

دانپێدانان: ئەوروپا بەهیچ شێوەیەک دان بە کۆنترۆڵی ڕووسیا بەسەر خاکە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیادا نانێت.

گەرەنتیی ئەمنی: پێویستە ڕووسیا گەرەنتییە ئەمنییەکانی ڕۆژئاوا بۆ ئۆکراینا قبووڵ بکات.

بەرژەوەندییەکان: دەبێت بەرژەوەندییە ئەمنییە بنەڕەتییەکانی ئۆکراینا و ئەوروپا مسۆگەر بکرێن.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئەمریکی ئاشکرای کردووە، لە بەرامبەردا دۆناڵد ترەمپ ڕەزامەندیی نیشان داوە لەسەر پێدانی گەرەنتیی ئەمنی بە ئۆکرانیا بە هاوبەشی لەگەڵ ئەوروپا، بەڵام بە مەرجێک ئەگەری بەئەندامبوونی کیێڤ لە ناتۆ دووربخرێتەوە.

هاوکات، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆککۆماری ئۆکراینا، لە میانی کۆبوونەوەیەکی ڤیدیۆیی لە بەرلینەوە لەگەڵ ترەمپ و سەرکردەکانی ئەوروپا، هیوای خواست "بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەی ئەلاسکا، بریتی بێت لە ئاگربەستێکی دەستبەجێ".

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە پێشتر ترەمپ ئاماژەی بە ئەگەری سازشکردن لەسەر خاکی ئۆکراینا لەپێناو ئاشتیدا کردبوو بەڵام کیێڤ سوورە لەسەر سەروەریی تەواوی خاکەکەی. لەلایەکی دیکەشەوە، مۆسکۆ دەستبەرداری ئەو ناوچانەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینا نابێت کە دەڵێت دانیشتووانەکەی لە ڕاپرسییەکدا دەنگیان بۆ لکاندن بە ڕووسیاوە داوە؛ ڕاپرسییەک کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانپێدانراو نییە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.