دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە خوازیارە دوای کۆبوونەوەی لووتکەی خۆی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا، دەستبەجێ کۆبوونەوەیەک لەنێوان ڤلادیمیر پووتن و ڤلۆدیمیر زێلێنسکی ڕێک بخات. هۆشداریی توندیشی دایە مۆسکۆ و دەڵێت، ئەگەر ڕەزامەند نەبن لەسەر ئاگربەست، ڕووبەڕووی دەرەنجامی مەترسیدار دەبنەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "ئەگەر یەکەم لووتکە بە سەرکەوتوویی بەڕێوە بچێت، بە خێرایی لووتکەی دووەم ئەنجام دەدەین. دەمەوێت ئەمە دەستبەجێ ڕووبدات، ئەگەر بیانەوێت منیش ئامادەبم، کۆبوونەوەیەکی خێرا لەنێوان پووتن و زێلێنسکی ڕێک دەخەین".
هاوکات، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دا، ئەگەر ڕووسیا ڕۆژی هەینی ڕەزامەندی لەسەر ئاگربەست لە ناکۆکیی ئۆکرانیادا نیشان نەدات، لەلایەن ئەمریکاوە ڕووبەڕووی دەرەنجام دەبێتەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دەرەنجامە ئەگەرییەکان، دۆناڵد ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: "بەڵێ، دەرەنجامی زۆر مەترسیداری دەبێت".
سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو کە ئەگەر لە میانی لووتکەکەیدا لەگەڵ ڤلادیمیر پووتن لە ئەلاسکا وەڵامی پێویستی دەست نەکەوێت، ئەوا لووتکەی دووەم بەڕێوە ناچێت.
دۆناڵد ترەمپ گوتی: "ڕەنگە کۆبوونەوەی دووەم ڕوونەدات، چونکە ئەگەر ببینم ئەنجامدانی بێسوودە بەهۆی ئەوەی ئەو وەڵامانەی پێویستمانە بەدەستی ناهێنین، ئەوا بە سادەیی لووتکەی دووەم بوونی نابێت".
هەفتەی ڕابردوو کرملن و کۆشکی سپی ڕایانگەیاندبوو کە پووتن و ترامپ لە 15ـی ئاب لە ئەلاسکا کۆدەبنەوە. ڕۆژی سێشەممەش، کارۆلین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، دووپاتی کردەوە کە لووتکەکە لە شاری ئانکۆرەج بەڕێوە دەچێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.