Erbil 31°C سێشەممە 30 حوزەیران 10:36

ئەمریکا هەوڵ دەدات ئیخوان موسلمین بخاتە لیستی تیرۆرەوە

کوردستان TV
100%

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند ویلایەتە یەکگرتووەکان لە هەوڵی ئەوەدایە ئیخوان موسلمین وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت، جەختیشی کردەوە کە ئەم هەنگاوە دەستی پێ کردووە هەرچەندە پرۆسەیەکی درێژخایەنیشە.

مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕایگەیاند: "ئێمە بەردەوام پێداچوونەوە بە گرووپەکاندا دەکەین بۆ ئەوەی بیانخەینە لیستی تیرۆرەوە. ماوەیەکی زۆرە ئەمەمان نەکردووە و کاری زۆرمان لەپێشە. ئیخوان موسلمین یەکێکە لەو گرووپانەی جێگەی نیگەرانییەکی قووڵە."

ڕۆبیۆ، وتیشی: "گرووپی زۆر هەن بۆ ئەوەی پۆلێن بکڕێن و هەموو ئەوانە لەژێر ئامادەکاریدان. ئاشکرایە کە لقی جیاوازی ئیخوان موسلمین هەیە، بۆیە دەبێت هەریەکەیان بە جیا پۆلێن بکەین."

مارکۆ ڕۆبیۆ ئاماژەی بەوەش کرد پرۆسە فەرمییەکە بۆ پۆلێنکردن درێژە و پێویستی بە لێکۆڵینەوەی ورد هەیە، بەڵام جەختی کردەوە کە "هەنگاوەکان دەستیان پێکردووە."

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە هەفتەی ڕابردوو، سێناتۆری کۆماری تۆم کاتن، داوای لە دەزگای باجی ناوخۆیی کرد لێکۆڵینەوە لە "ئەنجومەنی پەیوەندییە ئەمریکی-ئیسلامییەکان" (CAIR)  بکات بەهۆی گومان لە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، لەوانەش حەماس و ئیخوان موسلیمین.

کاتن لە نامەیەکدا نووسیبووی: "هەرچەندە CAIR بانگەشەی ئەوە دەکات ڕێکخراوێکی مافە مەدەنییەکانە، بەڵام بەڵگەی پتەو هەیە کە پەیوەندیی قووڵی لەگەڵ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکاندا هەیە و لە گەورەترین دۆسیەی پارەدارکردنی تیرۆر لە مێژووی ئەمریکادا ناوی وەک ئەندامێکی لیژنەی فەلەستینی سەر بە ئیخوان هاتووە."

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.