ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزای توند بەسەر ئەو وڵاتانەدا دەکات کە پابەندی بڕیارەکانی واشنتن دژی تاران نابن، هاوکات بازنەی سزاکانی بۆ سەر 5 کەرتی نوێ لە ناو ئابووریی ئێراندا فراوانتر کرد. ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێکی نوێی ئیدارەی ئەمریکا دەبینرێت بۆ وشککردنی سەرجەم سەرچاوە داراییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
سکۆت بێسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە ئامانجی سزاکان بڕینی هەموو ئەو "شریانە ئابوورییانەیە" کە حکوومەتی ئێران لەسەر پێ دەهێڵنەوە. بێسێنت هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد و وتی، ئەو دەوڵەتانەی نایەنە پاڵ کاروانی سزاکانی ئەمریکا، بە ناچاری لەو گۆشەگیرییەدا شەریک دەبن کە بەسەر ئێراندا سەپێنراوە.
حکوومەتی ئەمریکا لەم قۆناغەدا هەڕەشەی سەپاندنی "سزای لاوەکی" (Secondary Sanctions)ی بۆ پێنج کەرتی تری نوێ فراوان کردووە، کە مەبەست لێی سزادانی ئەو کۆمپانیا و دەوڵەتە بیانییانەیە کە لەو کەرتانەدا مامەڵە لەگەڵ تاران دەکەن. ئەم ڕێکارە نوێیانە فشارەکان بۆ سەر کایە بازرگانی و پیشەسازییەکانی ئێران دەگەیەنێتە بەرزترین ئاست، تاوەکو ڕێگری لە هەر جۆرە دەستڕەسییەکی ئەو وڵاتە بۆ بازاڕە جیهانییەکان بگیرێت.
سیاسەتی "زۆرترین گوشار" کە ئەمریکا لە ساڵی 2018وە دوای کشانەوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەرامبەر تاران پەیڕەوی دەکات، بووەتە هۆی داڕمانی مێژوویی بەهای تمەن و بەرزبوونەوەی پێوانەیی ڕێژەی هەڵئاوسان لە ناوخۆی ئێراندا. واشنتن لە ڕێگەی ئەم زنجیرە بڕیارە نوێیانەوە دەیەوێت سەرچاوە داراییەکانی تاران بە تەواوەتی پەک بخات بۆ ئەوەی ناچاری بکات دەستبەرداری پڕۆژە ئەتۆمییەکەی و چالاکییە سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.