Erbil 31°C پێنجشەممە 02 تەمووز 03:52

ئەمریكا دژایەتی خۆی بۆ پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی دووپات كردەوە

کوردستان TV
100%

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دژایەتی خۆی بۆ پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی دووپات كردەوە، ئاماژەی بەوە دا كە ئەم پڕۆژەیاسایە وا دەكات عێراق ببێتە پاشكۆی ئێران.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: ئێمە پاڵپشتی لە عێراقێكی خاوەن سەروەری دەكەین، بەپێچەوانەوە پشتگیری لە هیچ پڕۆژەیاسایەك ناكەین كە ئەو وڵاتە بكاتە پاشكۆی ئێران (وەك ئاماژەیەك بە پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی).

ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پێشتر لە پەیامێكدا كە ئاراستەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقی كردبوو، بە ڕوونی دژایەتی ئەمریكای بۆ پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی راگەیاندبوو.

هەروەها ستیڤن فەیگن هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە کۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاستەوخۆ نیگەرانیی ئەمریکای سەبارەت بە پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی دووپات کردبووەوە.

پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی كە لە 18 مادەی سەرەكی پێكهاتووە، خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كراوە و تەنیا دەنگدانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ماوە، لە ئەگەری دەنگدان بە پڕۆژەیاساكە، حەشدی شەعبی دەبێتە دامەزراوەیەكی سەربەخۆ و راستەوخۆ سەر بە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەبێت.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.