كۆمپانیای زۆم بۆ بەرهەمهێنانی شیرەمەنی لە هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە روونكردنەوەیەك لەبارەی بابەتێكی چەواشەكاری كەسێك لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاو كردەوە و تەواوی زانیارییەكانی ئەو كەسەی بە ناڕاست و بێ بنەما وەسف كرد.
لە روونكردنەوەكەی كۆمپانیای زۆم هاتووە "کۆمپانیاكەمان بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان كار دەكات و بۆ ئەم مەبەستەش تا ئێستاش سێ بڕوانامەی ئایزۆی نێودەوڵەتیمان بەدەستهێناوە، هەروەها بەرهەمەکانمان وەک باشترین بەرهەم لە عێراقدا هەڵبژێردراون".
كۆمپانیای زۆم هەروەها ئاماژە بەوەش دەكات "ئێمە وەک کۆمپانیای زۆم هەموو ڕێکارێکی یاسایی پێویست دەگرینەبەر لە دژی چەواشەکاری و تۆمەتە ناڕەواكانی ئەو كەسە".
ئەمەی خوارەوە دەقی روونكردنەوەكەی كۆمپانیای زۆمە:-
لە ڕێکەوتی 9/8/2025 کەسێکی نابەرپرس بە ناوی (زانا عبدالرحمن) لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بابەتێکی چەواشەکارانە و دوور لە ڕاستی و بێ بنەمای لە سەر کۆمپانیای زۆم و بەرهەمە خۆماڵیەکانی بڵاوکردۆتەوە، بۆیە بە پێویستمانزانی ئەم ڕوونکردنەوەیە بە بەڵگەوە بخەینە بەردەست ئێوەی هاووڵاتییانی خۆشەویست.
بیرۆکەی دامەزراندنی کۆمپانیای زۆم وەک پڕۆژەیەکی نیشتمانی لەسەر بنەمای بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ و ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ هاووڵاتییان و گوندنشینان و دروستکردنی سەرچاوەیەکی بەردەوامی داهات بووە و لەم چوارچێوەیە کاری کردووە بۆ بەدیهێنانی هەموو ئەم ئامانجانەی لە پێناویدا دامەزراوە و ئێستا بوونەتە دەستکەوت کە گرنگترینیان پێکدێن لەمانەی خوارەوە:
1. بۆ ئەوەی کۆمپانیاکەمان بتوانێت ئامانجەکانی بپێکێت، لەپێناو کەمکردنەوەی تێچووی گواستنەوەی شیر و ئەرکی سەرشانی ئاژەڵداران، کۆمپانیای زۆم هەستاوە بە دامەزراندنی تۆڕێکی بەرفراوانی بنکەکانی کۆکردنەوەی شیر لە سنووری هەردوو پارێزگای هەولێر و پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کە بریتین لە (25) بنکە کە بەپێی سنووری جوگرافی و لە سەر داواکاری ئاژەڵداران دامەزراون و (3) بنکەی تریش لە دەڤەری (باڵەکایەتی و دەشتی هێرت و ڕواندز) تا کۆتایی مانگی ٨ـی ئەمسال کارا دەبن و ئەم پڕۆسەیە بەردەوام لە فراوانبووندایە. لە ڕێگەی ئەم بنکانەوە کۆمپانیای زۆم ڕۆژانە شیری تازەی مانگا لە جووتیاران دەکڕێت کە لەم پڕۆسەیەدا (2712 - دوو هەزار و حەفت سەد و دوانزدە) خانەوادەی گوندنشین و ئاژەڵدار سوودمەند بوونە و بۆتە سەرچاوەیەکی داهات بۆیان.
2. کۆمپانیای زۆم بۆتە هۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری و بەرزکردنەوەی هێزی کاری ناوخۆیی بە شێوەیەک کە هەلی کاری ڕەخساندووە بۆ (328) هاووڵاتی وەک کارمەندی کۆمپانیا لە کارگە و بنکەکانی کۆکردنەوەی شیر و تیمەکانی فرۆشتن.
3. کۆمپانیای زۆم ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری و هێشتنەوەی سەرمایە لە ناوخۆ و نەچوونە دەرەوەی، هەروەها لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی بەرهەمی 100% سروشتی و خۆماڵی بەبێ بەکارهێنانی هیچ پێکهاتەیەکی پارێزەر (مواد حافظة) و تامی دەستکرد، کاریگەری هەبووە لە کەمکردنەوەی ڕێژەی هاوردەکردن، و لەڕووی بوژاندنەوەی سێکتەری کشتوکاڵی بەهۆی پڕۆژەی زۆم دەرفەت بۆ جووتیاران ڕەخساوە کە بەروبوومە کشتوکاڵیەکانیان بە ئاژەڵداران بفرۆشن بۆ دابینکردنی ئالیکی ئاژەڵەکانیان.
4. لەپێناو پارێزگاریکردن لە تەندروستی هاووڵاتییانی کوردستان، کۆمپانیای زۆم هەر لە پڕۆسەی کۆکردنەوەی شیر تا گواستنەوەی بۆ ناو کارگە و دروستکردنی بەرهەم و ناردنیان بۆ بازاڕ، پابەندە بە هەموو ڕێنماییە تەندروستییەکان بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمی 100% سروشتی و خۆماڵی و بێ پێکهاتەی پارێزەر (مواد حافظة) و تامی دەستکرد . بۆ ئەم مەبەستەش کۆمپانیای زۆم مۆڵەتی لەلایەن وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەدەستهێناوە و هەموو بەرهەمەکانی زۆم بە شێوەیەکی بەردەوام لە تاقیگەکانی بەشی چاودێری تەندروستی و سەلامەتی خۆراک پشکنینی تەندروستیان بۆ دەکرێت و دوای دەرچوونیان لە پشکنین دەخرێنە بازاڕ و دەگەنە دەست هاووڵاتییان.
وەک بەڵگەش بۆ هەموو ئەم بابەتانەی سەرەوە، کارکردنی کۆمپانیای زۆم بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بۆتە هۆی بەدەستهێنانی (3) بڕوانامەی ئایزۆی نێودەوڵەتی کە بریتین لە (9001 ISO – سیستەمی بەڕێوەبردنی جۆری، 22000 ISO – سیستەمی بەڕێوەبردنی سەلامەتی خۆراک، 45001 ISO – سیستەمی بەڕێوەبردنی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی) کە ئەم بڕوانامانە دوای جێبەجێکردنی کۆمەڵێک ڕێکاری پێویست و لەژێر چاودێری و پشکنینی لێژنەیەکی پسپۆر بە کۆمپانیای زۆم بەخشراون. هەروەها بەهۆی بەرزی کوالێتی بەرهەمەکانی زۆم و خزمەتکردن و پاڵپشتیکردنی گوندنشینان و ئاژەڵداران و پێشکەشکردنی بەرهەمێکی سروشتی و تەندروست، لە ساڵی 2024 کۆڕبەندی بازرگانی نیشتیمانی عێراقی (INTF) لە بۆنەیەکدا کە لەلایەن ناوەندی بازرگانی نێودەوڵەتی (ITC) و بە پاڵپشتی یەکێتی ئەوروپا (EU) ڕێکخرابوو، بەرهەمەکانی زۆم وەک باشترین بەرهەم لە عێراقدا هەڵبژێردران و خەڵاتی یەکەم بۆ بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی (Social Responsibility) بە کۆمپانیای زۆم بەخشرا.
کۆمپانیای زۆم وەک پڕۆژەیەکی نیشتمانیی گرنگ و بە بەها، لە ڕێکەوتی 31/5/2025 وەکو باشترین بڕاندی نێوخۆیی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق خەڵاتی کۆتلەری بردەوە، کە بردنەوەی ئەم خەڵاتە داننانە بە دەستکەوتە ناوازەکانی زۆم لە ڕووی بەڕێوەبردن و بەرهەمهێنان و خزمەتکردن بە کۆمەڵگا، هەروەها چیرۆکی سەرکەوتنی زۆم چووە نێو پەرتووکی جیهانی "بنەماکانی بازاڕگێڕی هاوچەرخ" کە بە بەشداری بەڕێز فیلیپ کۆتلەر نووسراوە.
پڕۆفیسۆر فیلیپ کۆتلەر نووسەری زیاتر لە 70 پەرتووکە کە لە سەرانسەری جیهان لە زانکۆ و دامەزراوە پەروەردەییەکان دەخوێندرێن، ئەو پێشەنگی شارەزایانی جیهانە لە بواری مارکێتینگی ستراتیژیدا و بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک باوکی مارکێتینگی هاوچەرخ ناسراوە.
هەموو ئەوانەی شارەزای کاری پیشەیین دەزانن کە بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتانە دەرئەنجامی پێگەی بەهێزی (زۆم) ـە وەکو بڕاندی پێشەنگ لە کوردستان و عێراق کە لە خزمەتی هاووڵاتیان بە گشتی و ئاژەڵداران بە تایبەتی دایە.
لێرەدا بە پێویستی دەزانین سوپاسی هەموو ئەو هاووڵاتیانە بکەین کە لەگەڵ ئێمە بەشدارن لە سەرکەوتنە بەردەوامەکانی زۆم و پشتگیری خۆیان بۆ پرۆژەی زۆم بە ڕێگەی جیاواز دەرخستووە و هەروەها وەڵامدانەوەیان بۆ چەواشەکاری ئەم کەسە نابەرپرسە دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە ئەم تۆمەتانەی ئاراستەی زۆم کراون هیچ بنەمایەکیان نییە و تەنیا بە مەبەستی شێواندنی ڕاستیەکان و بڕینی نانی خەڵک و لێدان لە بەرهەمی خۆماڵی و پڕۆژە نیشتیمانییەکانە.
لە کۆتاییدا لە بەرامبەر هەموو ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن ناوبراو ئاراستەی کۆمپانیای "زۆم" کراون، ئێمە وەک کۆمپانیای زۆم هەموو ڕێکارێکی یاسایی پێویست دەگرینەبەر لە دژی ئەم چەواشەکاری و تۆمەتە ناڕەوایانە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.