وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە درێژەی پڕۆژەکەیدا بۆ فێرکردنی زمانی کوردی بە کوردانی دەرەوەی وڵات، دەستپێکردنی خولی چوارەمی ئۆنلاینی ڕاگەیاند. تا ئێستا 1000 هاونیشتمانی لەم خولانەدا بەشداربوون و بڕوانامەی فەرمییان پێبەخشراوە.
لە ڕاگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ، 7ـی ئابی 2025، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی دەرەوەی وڵات لە وەزارەتی پەروەردەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بە بەردەوامیی پڕۆژەی خولەکانی فێربوونی زمانی کوردی بۆ کوردستانیانی دانیشتووی دەرەوەی وڵات (دیاسپۆرا) کراوە.
پڕۆژەکە کە لە ساڵی 2022ـەوە بە هاوکاریی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات دەستیپێکردووە، تا ناوەڕاستی ساڵی 2025، سێ خولی بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبردووە و تێیدا نزیکەی 1000 هاونیشتمانی لە وڵاتە جیاجیاکانی جیهانەوە بەشدارییان کردووە و بڕوانامەی فەرمیی وەزارەتی پەروەردەیان پێبەخشراوە.
وەزارەتی پەروەردە ئاشکرای کردووە، کە لە ئێستادا ئامادەکاری بۆ کردنەوەی خولی چوارەم دەکات، کە بڕیارە لە ڕێکەوتی 1ـی تشرینی یەکەمی 2025 دەستپێبکات. وانەکانیش لەلایەن مامۆستایانی شارەزا و کارامەی زمانی کوردییەوە بە هەرسێ شێوەزاری (سۆرانی، بادینی، کرمانجی) دەگوترێنەوە.
وەزارەتی پەروەردە داوا لە سەرجەم کوردستانیانی دیاسپۆرا دەکات وەک ئەرکێکی پەروەردەیی و نەتەوەیی، سوود لەم دەرفەتە وەربگرن و منداڵەکانیان لە هەر ئاست و تەمەنێکدا بن ناویان تۆمار بکەن، چونکە گرنگیدان بە زمانی دایک، بەشێکە لە پاراستنی شوناسی نەتەوەیی.
بۆ ناوتۆمارکردن، هاونیشتمانیان دەتوانن سەردانی ئەم لینکەی خوارەوە بکەن:
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.