لە 11ـەمین ساڵیادی کارەساتی جینۆسایدی شنگالدا، ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، حکوومەتی فیدراڵی عێراق دەبێت بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و دەستووریی خۆی بەرامبەر بە پرسی ئێزدییەکان و شنگال لە ئەستۆ بگرێت و ئاماژەی بەوە کرد کە دوای 11 ساڵ، هێشتا برینەکانی ئەو کارەساتە ساڕێژ نەبوون.
ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە ڕاگەیێندراوێکیدا کە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ رای گشتیی و ئامادەبووانی خوێندەوە، ڕایگەیاند: سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دەیەیەک بەسەر هێرشە قێزەونەکەی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر شنگال، حکوومەتی عێراق بەردەوامە لە فەرامۆشکردنی دۆسیەکە و داواکارییەکان بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و ئاوەدانکردنەوە، بە هەڵواسراوی ماونەتەوە.
ناوبراو باسی لەوە کرد کە جینۆساید کۆتایی نەهاتووە و وەک بەڵگە ئاماژەی بە مانەوەی زیاتر لە 280 هەزار ئاوارەی ئێزدی لە کەمپەکاندا کرد، لەگەڵ هەزاران خانووی وێرانکراو و دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ کە تا ئێستا هەڵنەدراونەتەوە.
بەپێی ئەو ئامارانەی ڤیان دەخیل خستوویەتییە ڕوو، لە کۆی 6,417 هاووڵاتیی ئێزدیی ڕفێندراو، تا ئێستا چارەنووسی 2,827 کەسیان نادیارە. هەروەها کارەساتەکە بووەتە هۆی بێ باوک و دایک بوونی 2,745 منداڵ، لە کاتێکدا نزیکەی 400 هەزار کەس ئاوارە بوون و زۆرینەیان نەگەڕاونەتەوە.
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی هۆشداریی دا لەوەی کە شنگال تا ئێستاش بە بێدەنگی خوێنی لێ دەچۆڕێت و بەدەست نەبوونی ژێرخان، خزمەتگوزاری، پەروەردە و کەرتی تەندروستییەوە دەناڵێنێت و داوای کرد حکوومەتی فیدراڵ چیتر ئەم دۆخە نادیدە نەگرێت.
لە بەرەبەیانی 3ـی ئابی ساڵی 2014، تیرۆریستانی ڕێکخراوی داعش بە شێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو، هێرشیان کردە سەر شنگال بە مەبەستی سڕینەوەی ناسنامەی ئایینی و نەتەوەیی کوردانی ئێزدی.
لەم هێرشەدا، تیرۆریستان هەزاران پیاو و گەنجی بێتاوانیان کۆمەڵکوژ کرد و لە گۆڕی بەکۆمەڵدا ناشتیان. هاوکات، هەزاران ژن و منداڵی ئێزدییان ڕفاند و وەک کۆیلە مامەڵەیان لەگەڵ کردن و ڕووبەڕووی توندوتیژیی جەستەیی، سێکسی و دەروونییان کردنەوە.
بەهۆی ئەم هێرشانەوە، سەدان هەزار هاووڵاتیی ئێزدی ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن و پەنایان بۆ چیای شنگال برد. لەوێ بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ لە دۆخێکی یەکجار سەختدا گەمارۆ دران و بووە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان منداڵ و کەسی بەساڵاچوو.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکەم ساتەوە، دەرگای بە ڕووی سەدان هەزار ئاوارەی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکەی شنگالدا کردەوە و لە کەمپەکانی پارێزگای دهۆک داڵدەی دان و هاوکارییەکانی تا ئەمڕۆش بەردەوامە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.