Erbil 31°C ھەینی 26 حوزەیران 04:05

لە شەڕی نێوان هەسەدە و چەکدارانی حکوومەتی سووریادا حەوت کەس بریندار بوون

کوردستان TV
100%

لە منبج شەڕ لە نێوان چەکدارەکانی حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات هاتە ئاراوە و چوار چەکداری سووری و سێ هاووڵاتیی مەدەنی بریندار بوون. هەردوو لاش لایەنی بەرانبەر بە هەڵگیرساندنی شەڕەکە تۆمەتبار دەکەن.

ڕۆژی یەکشەممە 3ی ئابی 2025، بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگریی سووریا ڕایگەیاند: هێزەکانی هەسەدە هێرشیان کردووەتە سەر سەر ماڵی دانیشتووانی گوندی کەیاریە و شارۆچکەی منبج و لە ئەنجامدا چوار کارمەندی سوپای سووریا و سێ هاووڵاتیی مەدەنی بریندار بوون.

لە بەرانبەریشدا ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ڕەتی کردووەتەوە ئەوان دەستپێشخەری شەڕەکە بووبن و لە ڕاگەیاندراوێکدا دەڵێت: بە پێچەوانەوە گرووپە سەرەڕۆکان کە لە نێو ڕیزەکانی حکوومەتی سووریادان، بەردەوامن لە ورووژاندن و دەستدرێژییە دووبارەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی هێڵی تەماس لە ناوچەی دێرحافز و هەسەدە تەنیا لە چوارچێوەی مافی بەرگریی ڕەوادا وڵام دەداتەوە.

هەسەدە ئاشکراشی کردووە شەوی ڕابردوو گرووپەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا، زیاتر لە 10 گوللـە هاوەنیان بە بێ هیچ پاساوێک بەرەو ئاوەدانییەکانی ئەو ناوچەیە هاویشتووە و هێزەکانی هەسەدەش مافی تەواوی خۆیان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و وڵامدانەوەی هێرشبەران بەکار هێناوە.

هەسەدە جەختیشی کردووەتەوە: " هەوڵەکانی "وەزارەتی بەرگری" بۆ شێواندنی ڕاستییەکان و چەواشەکردنی ڕای گشتی، خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیری ناکات، لەکاتێکدا هێزەکانی ئێمە ئەوپەڕی خۆڕاگرییان نواندووە بەرامبەر بە هێرش و وروژاندنە دووبارەکانی ئەو گروپانە، کە لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام بوون لە هەڵکەندنی خەندەق و گواستنەوەی چەکداران بۆ ئەوەی نیازەکانیان بۆ پەرەپێدانی گرژییەکان پشتڕاست بکەنەوە."

هەسەدە بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی ڕێزگرتن لە ئاگربەست داوای لە دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی سووریا کردووە، بەرپرسیارێتیی خۆیان لە ئەستۆ بگرن و ئەو گرووپە سەرەڕۆیانە کۆنترۆڵ بکەن.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.