Erbil 31°C پێنجشەممە 25 حوزەیران 19:46

ئاسایشی هەولێر باندێکی 3 کەسیی دەستگیر کرد بە کامێرای نهێنی هەڕەشەیان لە هاووڵاتیان دەکرد

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی باندێکی سێ کەسی ڕاگەیاند، کە هەستابوون بە دانانی کامێرای نهێنی لەنێو شوقەیەکدا و دوای تۆمارکردنی وێنە و ڤیدیۆی نەشیاوی هاووڵاتیان، هەڕەشەی بڵاوکردنەوەیان لێ کردوون و داوای پارەیان کردووە.

ئەمڕۆ شەممە 2ـی ئابی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد کە بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، هێزەکانیان توانیویانە سێ تۆمەتبار بە ناوەکانی (ق. أ. ع)، (م. غ. س) و (ف. ف. ج) دەستگیر بکەن.

سەبارەت بە شێوازی کارکردنی باندەکە، ئاسایشی هەولێر ڕوونی کردووەتەوە کە تۆمەتباران شوقەیەکیان لە یەکێک لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی شاری هەولێر بەکرێ گرتووە و کامێرایەکی نهێنی بچووکیان لەناو ئامێرێکی بڵندگۆ (سپیکەر) لە ژووری نووستنی شوقەکەدا جێگیر کردووە.

بەپێی ڕاگەیێندراوەکە، باندەکە بە بیانووی میوانداری و بەکارهێنانی چەند ئافرەتێک بۆ سەرنجڕاکێشان، زیاتر لە 10  هاووڵاتییان بردووەتە شوقەکەیان و بە نهێنی وێنە و ڤیدیۆی نەشیاویان تۆمار کردوون.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، دوای تۆمارکردنی گرتە ڤیدیۆییەکان، تۆمەتباران هەڕەشەی بڵاوکردنەوەیان لە قوربانییەکان کردووە و لە بەرامبەر بڵاونەکردنەوەیدا، داوای بڕێکی زۆری پارەیان لێ کردوون.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر سوپاسی ئەو هاووڵاتیانە دەکات کە هاوکار بوون لە پێدانی زانیاری بۆ دەستگیرکردنی ئەم باندە و جەخت دەکاتەوە کە تۆمەتباران ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.