Erbil 31°C ھەینی 26 حوزەیران 02:53

ستیڤ ویتکۆف لە تەلئه‌ڤیڤ لەگەڵ خێزانی بارمتەکان كۆبوویه‌وه‌

کوردستان TV
100%

ستیڤ ویتکۆف نوێنەری دۆناڵد تره‌مپ لەگەڵ بنەماڵەی ئەو بارمته‌ ئیسرائیلیانه‌ی کە لە غەززە راگیراون کۆبووەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکانیان لە چارەنووسیان زیاد كردووه‌، دوای نزیکەی 22 مانگ لە به‌رده‌وامی جه‌نگی نێوان حه‌ماس و ئیسرائیل.

 

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2ی ئاب، ئاژانسی هه‌واڵی "فرانس پرێس" بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ژمارەیەکی زۆر له‌ خۆپیشاندەران چەپڵەیان بۆ هاتنی ویتكۆف لێدا و سەدان کەسیش کە لە گۆڕەپانێکی تەلئەڤیڤ کۆبوونەوه‌، پێش ئەوەی کۆبوونەوەیەکی داخراو لەگەڵ بنەماڵەی بارمتەکان ئەنجام بدات، بانگەوازی هاوکارییان له‌ ستیڤ ویتكۆف کرد.

سەردانەکەی ویتكۆف رۆژێک دوای سەردانی ناوەندێکی دابەشکردنی یارمەتییەکان بوو لە غەزە کە لەلایەن ئەمه‌ریکا و ئیسرائیلەوە پشتیوانی دەکرێت بۆ هەڵسەنگاندنی میکانیزمەکانی هێنانی پێداویستیی خۆراک بۆ ناوچەی وێرانکراوی كه‌رتی غه‌زه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان، دوای کۆبوونەوەکە، ویتکۆف بەڵێنێکی تایبه‌ت و كه‌سیی به‌ خێزانی بارمته‌كان داوه‌ کە خۆی و دۆناڵد ترەمپ کاردەکەن بۆ دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی ئەو بارمتە ئیسرائیلیانه‌ی كه‌ تا ئێستا له‌ ده‌ستی حه‌ماسدا ماون.

جێی باسه‌، ئەمه‌ریکا، میسر و قەتەر ناوبژیوانی ئاگربەست دەکەن لە نێوان حەماس و ئیسرائیل، کە رێگە بە ئازادکردنی بارمتەکان دەدات و رێژەی یارمەتییە مرۆییەکانیش زیاد دەکات کە دەچنە ناو كه‌رتی غه‌زه‌وه‌.

بەڵام لە مانگی رابردوودا دانوستانەکان شكستیان هێنا و فشارەکان لەسەر حکوومەتەکەی بنیامین ناتانیاهۆ زیاتر بوون، بۆ ئەوەی رێگەیەکی دیکە بدۆزنەوە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان، بە زیندووی یان مردوویی .

هەروەها له‌ ئیستادا داواکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ کردنەوەی دەروازەکانی غەزە زیادی كردووه‌، بۆ ئەوەی رێگە بدرێت بە یارمەتی خۆراکی زیاتر، دوای ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگا مرۆییەکان هۆشدارییان دا لەوەی زیاتر لە دوو ملیۆن فەلەستینی رووبەڕووی مەترسی برسییه‌تی بوونەتەوە.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.