بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سۆران دەڵێت، لە مانگی داهاتووەوە دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەی رووناکی لە سۆران دەکرێت و دەشڵێت، ژێرخانی کارەبای سۆران بۆ پرۆژەکە ئامادەیە و توانای ئەوەمان هەیە لە رۆژێکدا هەموو سۆران بە پرۆژەکەوە ببەستینەوە.
رۆژی شەممە، 2ـی ئاب، ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەریی گشتیی کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە دیجیتاڵ میدیای کوردستان تیڤی راگەیاند: "لە مانگی داهاتووەوە پرۆژەی رووناکی لە سۆران دەست پێ دەکات".
بەڕێوەبەری کارەبای سۆران دەڵێت؛ "لە سۆران هیچ کێشەیەکی میتەر و پێوەری زیرەکمان نییە، بۆیە دەکرێت بە یەک پاکێج تەواوی سۆران بە کارەبای 24 کاتژمێریی ببەسترێتەوە".
بەشێک لە ناحیە و گوندەکانی دەوروبەری سۆران تاوەکو ئێستا پێوەری زیرەکیان بۆ نەبەستراوە، ئەردەوان ئیبراهیم پێی وایە؛ لەبەر ئەوەی پاڵەپەستۆیەکی ئەوتۆ لەسەر ئیدارەی سەربەخۆی سۆران نییە، "دەکرێت بە یەک پاکێج هەموو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە پڕۆژەی رووناکییەوە ببەستنەوە".
لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 87 هەزار و 200 هاوبەشیی کارەبا هەن و بۆ ئەوەی بتوانن کارەبای 24 کاتژمێرییان هەبێت، پێویستیی بە 150 مێگا وات کارەبا دەبێت.
بە گوتەی بەڕێوەبەری کارەبای سۆران، تاوەکو ئێستا پلانی تیمەکانی پرۆژەی رووناکی لای ئەوان روون نییە کە ئاخۆ کارەبای 24 کاتژمێری تەنیا بۆ سەنتەری سۆران دەبەستن یاخود پرۆژەکە لە سەرجەم ئیدارەی سۆران بە یەک پاکێج جێبەجێ دەکەن.
ئیدارەی سۆران بە شێوەیەکی مامناوەند پێویستیی بە 150 مێگا وات کارەبا هەیە، بە گوتەی ئەردەوان ئیبراهیم؛ رێژەی پێویستیی کارەبا لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەپێی وەرز گۆڕانکاریی بەسەردا دێت؛ واتا لە وەرزی گەرما لە نێوان 140 بۆ 150 مێگاوات کارەبا بەشی هەموو سۆران دەکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.