ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل داوا لە هاووڵاتییانی دەکات سەردانی ئیمارات نەکەن و دەڵێت؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران، حیزبوڵڵا و حەماس، دەیانهەوێ لە رێگەی بە ئامانجگرتنی هاووڵاتییانی ئیسرائیلەوە تۆڵە بکەنەوە، بۆیە "بە هیچ شێوەیەک سەردانی ئیمارات مەکەن".
رۆژی شەممە 2ـی ئابی 2025، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا هۆشداریی داوەتە هاووڵاتییانی بۆ ئەوەی سەردانی ئیمارات نەکەن و دەشڵێت، ئەگەر هەیە دەستوپێوەندەکانی ئێران، حەماس و حیزبوڵڵا، بیانهەوێ لە رێگەی بە ئامانجگرتنی هاووڵاتییانمان، تۆڵەی ئەو هێرشانە بکەنەوە کە لە لایەن ئیسرائیلەوە کراوەتە سەریان.
راگەیەنراوەکە روونکردنەوەی زیاتری نەداوە و تەنیا داوای لە هاووڵاتییانی ئیسرائیل کردووە سەردانی ئیمارات نەکەن. بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆیتەرز؛ ئیسرائیل لەوە نیگەرانە؛ لەدوای هێرشەکانی بۆ سەر ئێران، غەزە و لوبنان، دەستوپێوەندەکانیان هەوڵی تۆڵەکردنەوە لە هاووڵاتییانی مەدەنیی ئیسرائیل بدەن.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە، لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە، کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ئەبوزەبی و کۆنسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە دوبەی، بە خێزانەوە ئیماراتیان جێهێشتووە.
هەرچەند لە سەرەتای شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل داوای لە هاووڵاتییانی کردووە، تا ئەو جێیەی دەکرێت، سەردانی ئیمارات نەکەن، بەڵام سەرباری ئەو هۆشدارییانەش، گەشتی ئاسمانیی تەلئەڤیڤ – ئەبوزەبی بەردەوام بووە.
ئیمارات ساڵی 2020 پەیماننامەی ئاشتیی ئیبراهیمی لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ کرد و ئەوەش بووەتە هۆی بەهێزبوونی پەیوەندییە سیاسیی و دیپلۆماسییەکانی نێوانیان و بەشێک لە جووەکانی ئیسرائیل و جیهان بۆ ژیان بەرەو ئیمارات کۆچیان کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.