بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی ئاکرێ ڕایگەیاند، تیمەکانیان تەرمی منداڵێکی تەمەن 12 ساڵانیان دۆزیوەتەوە، کە لە ڕووباری زێی گەورە لە سنووری قەزاکەدا خنکابوو.
ئەمڕۆ هەینی 1ـی ئابی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی ئاکرێ لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند: منداڵێک بە ناوی "ئالان عەدنان کەرەم" کە تەمەنی 12 ساڵە و دانیشتووی گەڕەکی شۆڕشە لە قەزای ئاکرێ، لە ڕووباری زێی گەورە و لە نزیک پردی گوندی شەرەفونا خنکاوە.
لە ڕاگەیێندراوەکە ئاماژە بەوە کراوە، دوای ڕووداوەکە، تیمەکانی ژێرئاوی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکە و بنکەی قەندیل گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و توانیویانە تەرمی منداڵەکە بدۆزنەوە و لە ئاوەکە دەریبهێنن.
بەرگریی شارستانیی ئاکرێ ئەوەشی خستووەتەڕوو کە دوای دۆزینەوەی، تەرمەکە ڕەوانەی پزیشکی دادی کراوە بە مەبەستی تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.