مەسعوود پێشەشکیان سەرۆک کۆماری ئێران هۆشداریی دا لە ئەگەری کەمنەکردنەوەی بەکارهێنانی ئاوی ئەو بەنداوانەی کە ئاو بۆ تارانی پایتەخت دابین دەکەن لە چەند مانگی داهاتوودا وشک ببن.
ئهمڕۆ پێنجشهممه 31ی تهمووز، مهسعوود پزیشكیان لە میانی سەردانێکی بۆ زەنجان لە باکووری رۆژئاوای ئێران گوتی: ئەگەر نەتوانین دۆخی تاران بەڕێوەببەین، ئەگەر خەڵک هاوکار نەبن و ئەگەر نەتوانین ژیرانه ئاو بەکاربێنین، ئاو لە پشت بەنداوەکانمانەوە نامێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەکرێت تا مانگی تشرینی یەکەم یەدەگەکان تەواو بن، کاتێک قوتابخانەکان بە شێوەیەکی ئاسایی دەکرێنەوە و پێویستی ئاو زیاد دەکات پێش دەستپێکردنی وەرزی بارانبارین.
بەپێی هێڵکارییەک کە ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران "ئیرنا " بڵاویکردووەتەوە، ئەو کۆگا ئاوانەی کە خزمەت بە تاران دەکەن، لە ئێستادا تەنیا ٢٠%ی توانای خۆیان لە دەستدایە.
تێکڕای ئاستی کۆگاکانی ئاو لە سەرانسەری وڵاتدا تەنها 44%، ئهوهش بهراورد به رێژهی دانیشتووان زۆر كهمه.
بەگوێرەی ئاماری کۆمپانیای ئاوی پارێزگای تاران، ئاستی كۆگاكانی ئاو بۆ "نزمترین ئاستی لە ماوەی سەدەیەکدا" دابەزیوە.
حكوومهتی ئێران داوای لە دانیشتووان کردووە تانکی ئاو و پەمپ دابنێن بۆ ئەوەی رووبەڕووی پچڕانی دابینکردنی ئاو نهبنهوه، چونکە زۆرێک لە ماڵەکان لە چەند هەفتەی رابردوودا پچڕانی ئاویان ههبووه.
ئهوهش خراوهتهڕوو: نزیکەی 86.5%ی سەرچاوە ئاوییەکانی ئێران لە کشتوکاڵدا بەکاردەهێنرێت، ئهوهش قهیرانی قوڵی بۆ ئاوی پاكی خواردنهوهی ماڵان دروست كردووه.
هاوكات، محەمەد عەلی موعەلم، بەڕێوەبەری بەنداوی کەرەج (یەکێک لە دامەزراوە سەرەکییەکانی دابینکردنی ئاوی تاران) بە ئاژانسی هەواڵی مێهری راگەیاندووه، هەرچەندە لە ئێستادا وێستگەی کارەبای ئاویی کاردەکات، بەڵام پێدەچێت لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا ئاستی ئاوەکە بە ڕادەیەک دابەزێت کە بەرهەمهێنانی کارەبا مەحاڵ بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.