بەرپرسانی شاری نیویۆرک ڕایانگەیاند، چەکدارێک 4 کەسی لەناو باڵەخانەیەکی بەناوبانگی مانهاتن کوشت، کە یەکێکیان ئەفسەری پۆلیس بوو، دواتر بە تەقەکردن لە خۆی کۆتایی بە ژیانی هێنا. لە ڕووداوەکەدا کەسێکی دیکەش بە سەختی بریندار بووە.
شەوی رابردوو، چەکدارێک لە باڵەخانەیەکی بەرز لە ناوچەی میدتاونی مانهاتن، کە بارەگای خولی تۆپی پێی ئەمریکی (NFL) و چەندین کۆمپانیای گەورەی دارایی تێدایە، دەسڕێژی کرد و بووە هۆی کوژرانی 4 کەس و برینداربوونی کەسێکی دیکە.
پۆلیسی نیویۆرک ڕایگەیاند: یەکێک لە قوربانییەکان ئەفسەرێکی پۆلیسی نیویۆرکە بە ناوی دیدارولئیسلام، تەمەن 36 ساڵ، کە لە بەنگلادشەوە کۆچی کردبوو بۆ ئەمریکا.
ئێریک ئادەمز، سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرک، ئەو ئەفسەرەی کە باوکی دوو منداڵ بوو و هاوسەرەکەی سکی سێیەمی هەبوو، بە "پاڵەوانێکی ڕاستەقینە" وەسف کرد.
کۆمسیاری پۆلیسی نیویۆرک، جێسیکا تیش، گوتی: "هێرشبەرەکە ناوی شەین تامورایە، تەمەنی 27 ساڵە و دانیشتووی لاس ڤێگاسە، پێشینەی نەخۆشیی دەروونیی هەبووە".
بە گوتەی پۆلیس، وا بڕوا دەکرێت هێرشبەرەکە بە تەنیا کردەوەکەی ئەنجام دابێت و تا ئێستا پاڵنەری پشت ڕووداوەکە نازانرێت.
ڕووداوەکە لە کاتی قەرەباڵغیی ئێوارەدا لە هۆڵی باڵەخانەکە دەستی پێ کردووە، پاشان هێرشبەرەکە بە بەکارهێنانی بەرزکەرەوە چووەتە نهۆمی 33 و لەوێش تەقەی کردووە. پۆلیس دەڵێت، لە کۆتاییدا هێرشبەرەکە بە تەقەکردن لە سنگی خۆی کۆتایی بە ژیانی هێناوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.