Erbil 31°C سێشەممە 18 ئاب 22:59

تۆژینەوەیەكی نوێ لە عێراق.. ئافرەتان ژمارەی منداڵبوونیان كەمكردۆتەوە

کوردستان TV
100%

بەگوێرەی نوێترین تۆژینەوە دەركەوتووە كە ئێستا ئافرەتانی عێراق رێژەی منداڵبوونیان لەنێوان 3 بۆ 4 منداڵ كەم كردۆتەوە، لەكاتێكدا لە ساڵانی حەفتاكان هەر ئافرەتێكی عێراق بە رێژەیی 7 منداڵی دەبوو.

مەهدی عەلاق راوێژكاری سندووقی دانیشتووان سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاند: عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی تا ئێستا ئاستی گەشەی دانیشتووانی بەرزە، بەڵام لە راستیدا ئافرەتان رێژەی منداڵبوونیان كەم كردۆتەوە.

راشیگەیاند: بەگوێرەی داتاكانی سەرژمێری گشتی، ئافرەتان ئێستا رێژەی منداڵبوونیان لەنێوان 3 بۆ 4 منداڵە، لە كاتێكدا پێشتر لە ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوو رێژەی منداڵبوون لە هەر ئافرەتێك 7 منداڵ بوو.

هەروەها رایگەیاند: ئێستا لە جیهاندا بۆچوون ئەوەیە كە ئازادی تەواو بدرێتە خێزانەكان بۆ ئەوەی خۆیان رێژەی منداڵەكانیان دیاری بكەن، بەڵام لە هەمانكاتیشدا ئامۆژگاری دایك و باوكان دەكرێت لە وەچەخستنەوەی زۆر دوور بكەونەوە بۆ سەلامەتی خۆیان و هەروەها منداڵەكانیشیان.

مەهدی عەلاق گوتیشی: هەرچەندە ئێستا بەشێوەیەكی گشتی رێژەی منداڵبوون لە عێراق كەمبووەتەوە، بەڵام هێشتا گەشەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە لە ساڵێكدا بە رێژەی 2.5% بەرز دەبێتەوە.

لە كۆتاییدا راوێژكاری سندووقی دانیشتووان سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان ئاماژەی بەوە دا كە یەكەمجارە لە عێراق رێژەی دانیشتووانی ئەو كەسانەی دەتوانن كار بكەن و لەنێوان تەمەنی (15 – 64) ساڵن، بگاتە رێژەی 60%ی تەواوی دانیشتووانی عێراق.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.