Erbil 31°C سێشەممە 23 حوزەیران 22:09

دوو وڵاتی ئەوروپی ڕای جیاوازیان لەسەر ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئەوروپا هەیە

کوردستان TV
100%

دوای ئەوەی یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا ڕێککەوتن، دوو وڵاتی ئەوروپی ڕای خۆیان دەربڕی و فەڕەنسا ڕێککەوتنەکەی بە شکستی سیاسی ناو برد و ئەڵمانیاش دەڵێت، ئەم ڕێککەوتنە گرنگە بۆ خۆلادان لە شەڕی ئابووری.

ئەمڕۆ دووشەممە، 28ـی تەمووز، هەردوو وڵاتی فەڕەنسا و ئەڵمانیا ڕای خۆیان لەسەر ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا دەربڕی، فەڕەنسا بە شکست ناوی برد و ئەڵمانیاش بە سەرکەوتوو.

یەکشەممەی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئۆرسۆلا ڤۆندێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، ڕێککەوتنی بازرگانییان ڕاگەیاندبوو، ئەمەش ڕاوبۆچوونی جیاوازی لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە لێ کەوتەوە.

بۆچوونی فەڕەنسا

پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان ڕێککەوتنەکەیان شەرمەزار کرد و گوتیان سەروەریی فەڕەنسا دەخاتە مەترسییەوە.

مارین لۆپێن، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی کۆبوونەوەی نیشتمانی "ڕاستڕەوی توندڕەو"، گوتی: "ڕێککەوتنەکە شکستێکی سیاسی، ئابووری و ئەخلاقییە".

حکوومەتی فەڕەنسا دەڵێت ڕێککەوتنەکە زۆر باش نییە، بەڵام بۆ ماوەیەکی کاتی دۆخەکە هێور دەکاتەوە.


بۆچوونی ئەڵمانیا

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، فرێدریش مێرتز، گوتی: "ئەم ڕێککەوتنە یارمەتیدەرە بۆ خۆلادان لە ناکۆکییەکی بازرگانی کە دەیتوانی کاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر ئابووریی ئەڵمانیا هەبێت".

خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕی، بەتایبەتی سەبارەت بە کەرتی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل کە تێیدا باجی گومرگی نزیکەی 15% کەمدەکرێتەوە.

کۆمپانیا پیشەسازییەکانی ئەڵمانیا نیگەرانن

یەکێتیی پیشەسازییەکانی ئەڵمانیا و چەند لایەنێکی دیکەی ئابووری هۆشداری دەدەن و دەڵێن، ئەم ڕێککەوتنە هێشتا زیانی بۆ پیشەسازی و هەناردەکردنی ئەڵمانیا دەبێت و بە ڕێککەوتنێکی ناچاری و ئازاربەخش ناوی دەبەن.
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.