بەگوێرەی دوایین زانیارییەكان، لەئەنجامی هێرشەكەی ئەمڕۆی سەر فەرمانگەیەك لە بەغدای پایتەختی عێراق، دوو كەس كوژران و 12 كەسی دیكەش بریندار بوون، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشكرای دەكات كە هێرشەكارەكان سەر بە لیوای 45 و 46ی حەشدی شەعبین.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە چەند چەكدارێك هێرشیان كردە سەر فەرمانگەیەكی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق لە بەری كەرخی شاری بەغدا و بۆ ماوەیەك دەستیان بەسەر فەرمانگەكەدا گرت.
دواتر چەكدارەكان رووبەڕووی هێزە ئەمنییەكانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی عێراق بوونەوە و بۆ ماوەیەك شەڕ لەنێوانیان رووی دا.
بەگوێرەی دوایین ئامارەكان، لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەكان دوو كەس كوژراون كە یەكێكیان هاووڵاتییەكی مەدەنی بووە و لە كاتی رووبەڕووبوونەوەكەدا لە نزیك شوێنەكە بووە، كوژراوەكەی دیكەش ئەندامێكی هێزەكانی ناوخۆیە.
هەر بەهۆی رووبەڕووبوونەوەكان 12 كەسی دیكە بریندار بوون كە زۆربەیان ئەندامی هێزە ئەمنییەكانن.
دوای رووداوەكە، وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە كە 14 كەس لە هێرشكارەكان دەستگیركراون.
ئاماژەی بەوەش دا كە هێرشكارەكان ئەندامی حەشدی شەعبین و سەر بە لیوای 45 و 46ی حەشدی شەعبین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.