وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە مووچەی مامۆستایانی گرێبەستی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا، لەگەڵ شایستە داراییەکانی ئەو فەرمانبەرانەی لەدوای 1ـی تەمووزی 2024 دامەزراون، دابەش دەکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ، لە ڕاگەیێندراوێکدا وادەی دابەشکردنی مووچەی چەند توێژێکی ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاگەیێندراوەکە، ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی 28ـی تەمووزی 2025، مووچەی مانگی ئایاری مامۆستایانی گرێبەستی سەر بە وەزارەتی پەروەردە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت. هاوکات، لە هەمان ڕۆژدا مووچەی مانگی نیسانی مامۆستایانی گرێبەستی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیش دابەش دەکرێت.
هەر لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە هەمان ڕۆژدا مووچەی ئەو فەرمانبەرانەش دابەش دەکرێت کە لەدوای 1ـی تەمووزی 2024ـەوە بە شێوەی گرێبەست یان هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێم دامەزراون و شایستە داراییەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆ خەرج دەکرێت.
بەپێی ڕاگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی، ئەو فەرمانبەرانە مووچەی مانگی ئایاری 2025، لەگەڵ مووچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلولی ساڵی 2024 وەردەگرن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.