لە پێکددانی نێوان هەردوو سوپای تایلەند و کەمبودیە لەسەر ناوچە جێناکۆکییەکانی سنووری دوو وڵات، لانیکەم ١٦ کەس کوژراون و دەیان هەزار کەسی دیکە ئاوارە بوون.
بە پێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ڕۆژی پێنجشەممە 24ی تەمووزی 2025، لە ناوچەیەکی جێناکۆکی دوو وڵات لە نزیک پەرستگایەکی کۆن، پێکدادانەکان سەریان هەڵدایەوە و بە خێرایی بۆ ناوچەکانی تری سەر سنوورە کێشەلەسەرەکە تەشەنەیان کرد و ئاڵوگۆڕی تۆپبارانی قورس بۆ دووەم ڕۆژی یەک لەدوای یەک بەردەوام بوو.
ڕۆژی چوارشەممە، دوای کوژرانی پەلێک سەربازی تایلەندی بەهۆی مینێکی وشکانییەوە کە بانكۆک ئیدعای کرد بەم دواییانە لەلایەن هێزە ڕکابەرەکانەوە چێنراوە، تایلەند باڵیۆزەکەی لە پنۆم پێن بانگ کردەوە و نوێنەری کەمبۆدیای دەرکرد. کەمبۆدیا ئەو تۆمەتەی بە بێ بنەما ناوبرد. هەردوو لا یەکتری بە تەقاندنی یەکەم فیشەک تۆمەتبار دەکەن کە بووە هۆی دەستپێکردنی ململانێکەی ڕۆژی پێنجشەممە، کە تا ئێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم ١٥ هاووڵاتی سڤیل، کە زۆربەیان خەڵکی تایلەندن.
کەمبۆدیا مووشەکهاوێژی سەر بارهەڵگری بڵاوکردووەتەوە، کە تایلەند دەڵێت بۆ کردنە ئامانجی ناوچە مەدەنییەکان بەکارهێنراون، لە کاتێکدا هێزە چەکدارەکانی تایلەند فڕۆکەی جەنگیی F-16ی دروستکراوی ئەمریکایان ڕەوانە کردووە و یەکێکیانی بۆ بۆردوومانکردنی ئامانجە سەربازییەکانی ئەوبەری سنوور بەکارهێناوە.
بەگوێرەی دەسەڵاتە خۆجێییەکان، نزیکەی ١٣٠,٠٠٠ کەس لە ناوچە سنوورییەکانی تایلەندەوە بۆ شوێنی ئارامتر گوازراونەتەوە، لە کاتێکدا نزیکەی ١٢,٠٠٠ خێزانیش لەلایەنی کەمبۆدیاوە لە هێڵەکانی پێشەوە دوورخراونەتەوە.
گرژییەکان لەنێوان دوو دراوسێی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا، لە مانگی ئایارەوە، دوای کوژرانی سەربازێکی کەمبۆدی لە کاتی پێکدادانێکی کورتدا دەستیان پێ کرد و لەو کاتەوە بەردەوام پەرەیان سەندووە، کە بووەتە هۆی کێشەی دیپلۆماسی و ئێستاش پێکدادانی چەکداری.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.