ئەمڕۆ سێشەممە لەلایەن حكوومەتی ئەڵمانیاوە بە زۆرەملێ 43 هاووڵاتی عێراقی دیپۆرتكرانەوە، بەپێی زانیارییەكان لەنێو دیپۆرتكراوەكاندا هاووڵاتی هەرێمی كوردستانیش هەن.
پەیامنێری (كوردستان تیڤی) لە ئەڵمانیا پێی ڕاگەیاندین: پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لە فڕۆکەخانەی لایپزیک لە ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا لە ڕێوشوێنێکی توندی ئەمنی و بە پاسەوانی پۆلیسی ئەڵمانیا، 43 هاووڵاتی عێراقی بۆ فڕۆكەخانەی بەغدا دیپۆرتکرانەوە.
بەپێی زانیارییەکان لەنێو ئەو کەسانەی دیپورتکراونەتەوە، بەشێك لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هەن.
لە ماوەی ڕابردوودا چەند جارێكی دیكە لە ئەڵمانیاوە بە زۆرەملێ پەنابەر دیپۆتکراونەتەوە، تەنیا ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 800 هاووڵاتی عێراقی دیپۆرتکرابوونەوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە كە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا لایەنە پەیوەندارەکانی ئەڵمانیا پڕۆسەی ناردنەوەی پەنابەرانیان خێراتر کردووە، بەشێوەیەك كە تەنیا رۆژی هەینی ڕابردوو 81 هاووڵاتی ئەفغانی دیپۆرتکرانەوە.
پەیامنێری (كوردستان تیڤی) ئاماژەی بەوەدا: سەرجەم ئەو پەنابەرە عێراقی و سووری و ئەفغانییانەی كە مافی پێدانی پەنابەرییان لە ئەڵمانیا رەتكراونەتەوە، مەترسی ناردنەوەیان لەسەرە بەتایبەتیش ئەوانەی كاری نابەجێ و تاوانیان لەم وڵاتە ئەنجامداوە.
ئەڵمانیا / خالید عەلی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.