Erbil 31°C دووشەممە 17 ئاب 10:14

دیزاینی نوێی تابلۆی ئۆتۆمبێلە حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان دیاری کرا

کوردستان TV
100%

لە ڕێنماییەکی نوێدا، شێواز و دیزاینی تابلۆی ئۆتۆمبێلە حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان یەکخرا و ستانداردێکی نوێی بۆ دانرا. بەپێی ڕێنماییەکە، تابلۆ نوێیەکان باکگراوندی سپی و نووسینی ڕەشیان دەبێت و کۆدی تایبەت بە دامەزراوە حکومییەکان لەخۆ دەگرن.

بەگوێرەی ڕێنمایی ژمارە (6)ـی ساڵی 2025، کە لە ڕۆژنامەی (وەقایعی کوردستان) بڵاوکراوەتەوە، دیزاینێکی نوێ و ستاندارد بۆ سەرجەم تابلۆی ئۆتۆمبێلە حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان دیاری کراوە.

ڕێنماییەکە کە ئامانج لێی یەکخستنی تابلۆکانە، چەندین گۆڕانکاریی لە شێواز، ڕەنگ و پێکهاتەی تابلۆکاندا کردووە. گرنگترین تایبەتمەندییەکانی تابلۆ نوێیەکان بریتین لە:

ڕەنگ: باکگراوندی تابلۆکە ڕەنگی سپی دەبێت، لە کاتێکدا سەرجەم نووسینەکان (ژمارە، پیت و هێماکان) بە ڕەنگی ڕەش دەبن. بەشی لای چەپی تابلۆکەش کە هێماکانی (IRQ) و (KR) لەخۆدەگرێت، بە ڕەنگی شین دەبێت.

کۆدی میری: سەرجەم ئۆتۆمبێلە حکومییەکان پیتی (G) یان لەسەر دەبێت کە هێمایە بۆ (Government). هەروەها کۆدێکی تایبەت بە پیت بۆ سەرۆکایەتییەکان، ئەنجومەنی وەزیران و دەستە سەربەخۆکان دادەنرێت.

قەبارە: تابلۆکان بە دوو قەبارەی ستاندارد دەبن: تابلۆی کورت (320mm * 160mm) و تابلۆی درێژ (520.8mm * 112.6mm).

سەبارەت بە مەرجی وەرگرتنی تابلۆی نوێ، بەپێی ڕێنماییەکە، بۆ وەرگرتنی تابلۆی نوێ، پێویستە سەرەتا سەرجەم سزاکانی پێبژاردن (غەرامە)ی سەر ئۆتۆمبێلەکە سفر بکرێتەوە.

لە بڵاوکراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەم ڕێنماییە لە ڕۆژی دەرچوونییەوە کاری پێدەکرێت و کار بە هیچ ڕێنماییەکی پێشووتر ناکرێت کە لەگەڵ ناوەڕۆکی ئەم ڕێنماییەدا ناکۆک بێت.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.