وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێم بۆ مانگی ئایار، کە بڕەکەی 120 ملیار دینارە، خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە بانکی ناوەندی.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان: ئەمڕۆ سێشەممە، ڕێکەوتی 22ی تەمووزی 2025، پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایاری ساڵی 2025، خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ.
ڕاگەیێندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕی پارەکە 120,000,000,000 (سەد و بیست ملیار) دینارە و بە شێوەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق ڕادەست کراوە.
ئەم هەنگاوەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پابەندییە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دێت، کە پەیوەستە بە ڕادەستکردنی بەشێک لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێـمی کوردستان، لە بەرامبەردا حکوومەتی فیدراڵی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکات.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.