Erbil 31°C دووشەممە 17 ئاب 10:14

وەزیری دەرەوەی ئێران: دەست لە پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرنامەی مووشەکیمان هەڵناگرین

کوردستان TV
100%

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ڕایگەیاند: "پیتاندنی یۆرانیۆم زۆر بۆمان ئازیزە و ناتوانین دەستی لێ هەڵبگرین، لەبەر ئەوەی دەسکەوتی زانایانی خۆمانە و ئێستا پەیوەندیی بە شکۆی نیشتمانیمانەوە هەیە".

بە گوتەی عەباس عێراقچی: "ئامانجی ئەمریکا بۆ ڕێگری لە هەرجۆرە پیتاندنی یۆرانیۆم لە ناو خاکی ئێراندا و کۆتاییهێنانی بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران وەدی نایە و ئیران سەرەڕای هەڕەشە قورسە نێودەوڵەتییەکان و گەمارۆی زۆر توندیش واز لە پیتاندنی یۆرانیۆم ناهێنێت".

عێراقچی جەختیشی کردەوە، هێزی مووشەکیی ئێران لە پاش جەنگی دوازدە ڕۆژە لە دۆخێکی باشدایە و گوتی: "مووشەکەکان باشترین و متمانەپێکراوترین ئامرازی بەرگریی ئێمەن و لەسەر بەرنامەی مووشەکیمان بەردەوام دەبین. هێشتا ژمارەیەکی زۆر مووشەکمان بۆ بەرگریکردن لە خۆمان، هەیە".

وەزیری دەرەوەی ئێران لە وڵامی پرسیارێک سەبارەت بەوەی ئاخۆ وڵاتەکەی ئامادەیە لەسەر کەمکردنەوەی هێزی مووشەکیی خۆی ڕێک بکەوێت گوتی: "مووشەکەکانی ئێمە بۆ بەرگرین و بە مەبەستی بەرگری دروست کراون نەک هێرش. بە دڵنیاییشەوە دەتوانم بڵێ ئەم مووشەکانە هیچکات کڵاوەی ئەتۆمییان ناخرێتە سەر".

ئەمریکا و ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە خوازیاری ڕێککەوتنێک لەگەڵ تارانن کە کۆتایی بە بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم و مووشەکە بالستییەکانی ئێران  بهێنێت و هێزی مووشەکیی ئەم وڵاتە سنووردار بکات.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.