کۆمیسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵای هەولێر ڕایگەیاند، کارکردن لە نۆژەنکردنەوەی قەڵای دێرینی هەولێر بەردەوامە و لە ئێستادا هەوڵەکان بۆ تەواوکردنی کارەکان و کردنەوەی دەرگاکانی بە ڕووی هاووڵاتییان و گەشتیاراندا چڕتر کراونەتەوە، هاوکات بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا مۆزەخانەیەکی بچووکی تایبەتیش بکرێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 21ـی تەمووز، فەلاح حەسەن، بەرپرسی کۆمیسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵای هەولێر بە وەکالەت، وردەکاریی کار و پڕۆژە نوێیەکانی قەڵای هەولێری بۆ دیجیتاڵمیدیای (کوردستان تیڤی) ئاشکرا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە کارەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی قەڵا بە شێوازێکی شایستە پێشوازی لە گەشتیاران بکات.
فەلاح حەسەن ڕایگەیاند: "سەرجەم کارەکانی نۆژەنکردنەوەی شەقامە سەرەکییەکان، سیستەمی ڕووناکی خانووەکانی دەرەوە، حەمام و مزگەوتی مێژوویی قەڵای هەولێر تەواو بوون".
ناوبراو گوتیشی: "ڕێڕەوی سەرەکیی قەڵا، کە دەکەوێتە بەرامبەر بازاڕی قەیسەری، لە قیرەوە دەگۆڕدرێت و بە بەردی تایبەت دادەپۆشرێت، هاوشێوەی شەقامەکانی ناوەوەی قەڵا. هەروەها دەرگای پشتەوەی قەڵا کە ناسراوە بە 'دەرگای دادگەی کۆن'، خاڵی پشکنینی بۆ نوێ دەکرێتەوە و دەرگای کارەبایی بۆ دادەنرێت".
سەبارەت بە ڕێکارەکانی سەلامەتی، بەرپرسی کۆمیسیۆنی باڵای قەڵا بە وەکالەت ئاماژەی بەوە کرد: "کارمان لەسەر خاڵی سەلامەتی کردووە و دەرگا و پەنجەرەی نوێ بۆ کۆڵان و خانووەکانی قەڵا دروست کراون، ئەمەش بۆ پاراستنی سەلامەتیی ئەو گەشتیار و سەردانیکەرانەیە کە ڕوو لە قەڵا دەکەن".
فەلاح حەسەن دووپاتی کردەوە: "هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ کارکردن لەسەر ئامادەکردنی قەڵا بۆ کردنەوەی بە ڕووی هاووڵاتییان و گەشتیاراندا، تاوەکوو چێژ لە دیمەن و خزمەتگوزارییە نوێیەکانی قەڵای دێرینی هەولێر وەربگرن. هەروەها لە ئایندەیەکی نزیکیشدا رێژەی سەوزایی بۆ ناوەوەی قەلا زیاد دەکرێت و مۆزەخانەیەکی بچووکی تایبەت بەو کەلوپەل و پارچە شوێنەوارییانەی لە قەڵادا دۆزراونەتەوە، دەکەینەوە".
فەلاح حەسەن جەختیشی کردەوە کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە وردی چاودێریی کارەکانی بووژانەوەی قەڵای هەولێر دەکات، ئاماژەی بەوەش کرد، هەر بۆ ئەو مەبەستە لە چەند مانگی ڕابردوودا پەیکەری کارگێڕیی قەڵای هەولێر لە پارێزگای هەولێرەوە بۆ سەر ئەنجومەنی وەزیران گواستراوەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.