ئەردۆغان رێککەوتننامەی هێڵی گواستنەوەی نەوتی عێراق – تورکیای لە رێگەی بۆڕی کە لە ساڵی 1973وە بەرکاربووە، واژۆ نەکرد و بەمەش لە مانگی تەمووزی ساڵی داهاتوو کۆتایی بە رێککەوتنەکە دێت.
رۆژی دووشەممە 21ـی تەمووز، رۆژنامەی فەرمی تورکیا بڕیاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، رێککەوتننامەی هێڵی بۆڕی نەوتی خاوی تورکیا – عێراق ، پرۆتۆکۆلی هێڵی بۆری نەوتی خاو و ڕێککەوتن و پرۆتۆکۆلەکانی دیکەی پەیوەندیدار، لە رۆژی 27ـی تەمووزی ساڵی 2026 کۆتایی دێت.
ئەم رێککەوتنە 27ـی ئابی ساڵی 1973 لە نێوان عێراق و تورکیا واژۆ کراوە و ساڵی 1976 کاری پێ کراوە، جارێکی دیکە لە ساڵی 2010 رێککەوتنەکە بۆ ماوەی 15 ساڵ درێژکراوەتەوە.
لە رێگەی بۆڕی نەوتی تورکیا – عێراق نەوتی کەرکووک و چەند کێڵگەیەکی دیکەی عێراق و نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان دەگوازرانەوە.
لە ساڵی 2023 بەهۆی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی، لەسەر سکاڵای عێراق، هەناردەی نەوتی کوردستان لە رێگەی بۆڕییەوە بۆ بەندەری جەیهان وەستا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.