وەزارەتی تەندروستیی عێراق زەنگی مەترسییەکانی تای خوێنبەربوونی لێ دا و ئاشکرای کرد کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، 16 حاڵەتی نوێی تووشبوون تۆمار کراون و 2 تووشبووی دیکەش گیانیان لەدەست داوە، ئەمەش نیگەرانییەکان لەبارەی بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە زیاد دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 21ـی تەمووز، وەزارەتی تەندروستیی عێراق، نوێترین ئاماری تای خوێنبەربوونی لە سەرتاسەری عێراقدا بڵاو کردەوە، کە ئاماژە بە بەردەوامیی هەڕەشەکانی ئەو نەخۆشییە کوشندەیە دەکات.
لەم بارەیەوە، سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند: "نوێترین دەرەنجامی پشکنینەکان بۆ تای خوێنبەربوون لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، 16 حاڵەتی تووشبوونی نوێ و 2 گیانلەدەستدانی پشتڕاست کردووەتەوە، کە یەکێکیان لە پارێزگای زیقار و ئەوی دیکەیان لە واست بووە".
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی جەختیشی کردەوە کە کۆی گشتیی تووشبووان لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە گەیشتووەتە 231 حاڵەتی پشتڕاستکراوە و 30 کەسیان گیانیان لەدەست داوە.
ئاماری قوربانییان بەپێی پارێزگاکان بەم شێوەیەن:
زیقار: 84 تووشبوو و 4 گیانلەدەستدان.
بەغدای ڕەسافە: 32 تووشبوو و 6 گیانلەدەستدان.
موسەننا: 20 تووشبوو و 2 گیانلەدەستدان.
واست: 19 تووشبوو و 3 گیانلەدەستدان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.