ئەنجوومەنی پارێزگای واسیت ئەمڕۆ یەكشەممە بڕیاری دوورخستنەوەی چەندان بەڕێوەبەر و بەرپرسی پارێزگاكەیانی دەركرد بەهۆی رووداوی ئاگرەكەی شاری كووت كە بەهۆیەوە دەیان كەس گیانیان لەدەست دا.
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ئاگر لە مۆڵێكی فرۆشتنی جلوبەرگ لە شاری كووت كەوتەوە، بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراق لە ئەنجامی رووداوەكە 61 كەس گیانیان لەدەست دا و 38 كەسی دیكەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ یەكشەممە ئەنجوومەنی پارێزگای واسیت سەبارەت بە هۆكاری كەوتنەوەی رووداوەكە و دیاریكردنی ئەو لایەنانەی كەمتەرخەم بوون، كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا چەند بەڕێوەبەر و بەرپرسێكی پارێزگای واسیت و شاری كووت لە پۆستەكانیان دووربخرێنەوە و هەندێكی دیكەشیان رەوانەی دادگا بكرێت.
ئەو بەڕێوەبەر و بەرپرسانەی ئەمڕۆ بڕیاری دوورخستنەوەیان درا بریتی بوون لە:-
- بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای واسیت – بەهۆی خراپی ئیدارەدان و لاوازی كۆنتڕۆڵی رووداوەكە لەرووی مەیدانییەوە.
- بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی پارێزگای واسیت – بەهۆی كەمتەرخەمی و دواكەوتن لە كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكە.
- بەڕێوەبەری بەشی چاودێری تەندروستی - بەهۆی كەمتەرخەمی لە جێبەجێكردنی رێوشوێنی خۆپارێزی و سەلامەتی.
- بەڕێوەبەری بەشی ڤیزە - بەهۆی كەمتەرخەمی لە چاودێریكردنی كرێكاران لە شوێنی ئاگرەكە.
گواستنەوەی هەریەك لەم بەرپرسانەی خوارەوە بۆ دادگا بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لەگەڵیان:-
قایمقامی پێشووی شاری كووت
بەڕێوەبەری پێشووی شارەوانی كووت
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.