Erbil 31°C شەممە 20 حوزەیران 08:23

ئۆکراینا پێشنیاری دانوستانی نوێی ئاشتی لەگەڵ رووسیا دەکات

کوردستان TV
100%

ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، کیێڤ پێشنیاری خولی نوێی دانوستانەکانی ئاشتیی بۆ مۆسکۆ کردووە لە هەفتەی داهاتوودا، ئەمەش له‌ دوای چەند کاتژمێرێک له‌ تۆپبارانەکانی رووسیا بۆ ناوچه‌ جیا جیاكانی ئۆكراینا كه‌ زیانی گیانی لێکەوتەوە.

 

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 19ی ته‌مووز، ئاژانسی هه‌واڵی "فرانس پرێس" بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، دوو خولی دانوستان لە ئەستەنبوڵ لە نێوان مۆسکۆ و کیێڤ نەیتوانی هیچ پێشکەوتنێک بەرەو ئاگربەست بەدەست بهێنێت، لە ئەنجامدا تەنها رێککەوتنێک بۆ ئاڵوگۆڕی دیلەکان و دانه‌وه‌ی تەرمی سەربازەكانی جه‌نگی لێکەوتەوە.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ڤۆڵۆدیمێر زێلینسکی لە وتاری ئێوارەی خۆیدا گوتی: روستەم ئومارۆڤ، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی ئۆكراینا راپۆرتی داوه‌ و پێشنیاری کردووە هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنی رووسیا بۆ مه‌به‌ستی دانوستان ئەنجام بدرێت.

 زێلینسكی ئاماژەی بەوەشکردووه‌، "پێویسته‌ هێزی دانوستان زاڵ بێت به‌سه‌ر هێزی شه‌ڕ و كوشتن له‌ نێوان هه‌ردوو لادا" .

ڤۆڵۆدیمێر زێلینسكی سەرۆکی ئۆکراینا هەروەها ئامادەیی خۆشی دووپاتکردەوە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ هاوتا رووسیەکەی، ڤلادیمێر پوتین و ده‌ڵێت، "کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی سەرکردایەتیکردن زۆر گرنگە بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتییەکی راستەقینە و بەردەوام".

لە میانەی دانوستانەکانی مانگی ڕابردوودا، ڕووسیا لیستی داواکارییە توندەکانی خستەڕوو، لەوانەش ئۆکراینا دەستبەرداری خاکی زیاتر ببێت و هەموو جۆرەکانی پشتیوانی سەربازیش له‌ رۆژئاوا ره‌تبكاته‌وه، ‌

لای خۆیه‌وه‌ ،کیێڤ ئه‌و كاته‌ پێشنیارەکانی بە قبوڵنەکراوی هێشته‌وه‌ و لەو کاتەدا قۆناغی دانوستان به‌ چه‌قبه‌ستوویی ماوه‌ته‌وه‌ .

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.