Erbil 31°C شەممە 27 حوزەیران 04:28

ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارێکی بە دۆلاری ساختەوە دەستگیر کرد و هۆشدارییش دەداتە هاووڵاتییان

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند، تۆمەتبارێکیان دەستگیر کردووە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەی بۆ فرۆشتنی دۆلاری ساختە کردووە بە ناوی "دۆلاری بلۆکراوی لیبی". ئاسایش هۆشداریی دەداتە هاووڵاتییان کە نەکەونە داوی ئەم جۆرە فێڵانەوە.

ئەمڕۆ شەممە 19ـی تەمووز، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند: بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتبار (س. ب. ڕ) دەستگیر کراوە و دەست بەسەر بڕێک دراوی ساختەدا گیراوە.

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکەی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتبارەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەی بۆ فرۆشتنی دۆلار کردووە بە نرخێکی کەمتر لە نرخی بازاڕ، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە ناوی "دۆلاری بلۆکراوی لیبی" ناسراوە.

ئاسایشی هەولێر جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم دراوە لە بنەڕەتدا بوونی نییە و دوورە لە ڕاستییەوە، بەڵکو چەند کەسێک بە هەمان شێوەی تۆمەتبارەکە، بانگەشەی فرۆشتنی ئەو جۆرە دۆلارە دەکەن کە یان دۆلارەکان کۆپی و ساختەن، یان لە کاتی مامەڵەکەدا لەبری دۆلار، دراوی 250 دیناریی عێراقی دەدرێتە کڕیار.

لە کۆتایی ڕاگەیێندراوەکەدا، ئاسایش جارێکی دیکە هۆشداریی داوەتە هاووڵاتییان و داوای لێکردوون خۆیان لەم جۆرە مامەڵە و کەسانە بەدوور بگرن، تاوەکو پارە و سامانیان پارێزراوبێت.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.