Erbil 31°C شەممە 20 حوزەیران 04:39

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە هەڵسووڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق دەكات

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ شەممە، سەرۆک  بارزانی لە سەلاحەدین پێشوازیی لە باڵیۆز ستیڤن فەیگن، هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد. لە دیدارەکەدا، باڵیۆزی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی خوازیاری هەرێمێکی بەهێزە و پاڵپشتیی خۆشیان بۆ ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دووپات کردەوە.

ئەمڕۆ شەممە 19ـی تەمووزی 2025، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە  باڵیۆز ستیڤن فەیگن هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا كە ستیڤن بیتنەر كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێریش ئامادەی بوو، هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق وێڕای ئاماژەدان بۆ ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە جەختی لەوە كردەوە، وڵاتەكەی خوازیاری هەرێمی كوردستانی بەهێزە و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندیی هەموو لایەكە.

هەر لەو دیدارەدا پڕۆسەی چارەسەریی ئاشتی لە توركیا و بارودۆخی سووریا خرایە بەرباس و گفتوگۆ، هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق پێزانینی بۆ ڕۆڵ و هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی لە پاڵپشتیكردنی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و هەروەها لەیەكترنزیككردنەوەی و پتەوكردنی یەكوتاریی لایەنە كوردییەكانی سووریا هەبوو. 

سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند: "پڕۆسەی چارەسەریی ئاشتی لە توركیا لە بەرژەوەندیی هەموو لایەك و ناوچەكەیە و ئێمە بە هەموو توانایەك پاڵپشتی ئەو پڕۆسەیەین و چیی پێویست بێت بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆسەیە ئەنجامی دەدەین".

هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوون، شاندی میوان ئەوەیان بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند، ئەمەریكا پێشوازی لەو ڕێككەوتنە دەكات كە لەنێوان هەردوو حكوومەت لەسەر مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەئارادایە.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.