یەکێتیی ئەوروپا پێشوازیی لەو ئاگربەستە کرد کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا لەنێوان سووریا و ئیسرائیلدا بەدی هات، هاوکات نیگەرانی خۆی لە ئاماری کوژراوانی پێکدادانە تایفییەکانی باشووری سووریا دەربڕی و داوای لە ئیسرائیل و هەموو لایەنە دەرەکییەکان کرد ڕێز لە سەروەریی خاکی سووریا بگرن.
ئەمڕۆ شەممە 19ـی تەمووز، لە بەیاننامەیەکدا فەرمانگەی دیپلۆماسیی یەکێتیی ئەوروپا ڕایگەیاند: "کاتی گفتوگۆ و هەنگاونانە بەرەو قۆناغێکی گواستنەوەی گشتگیر، دەسەڵاتدارانی قۆناغی گواستنەوە لە سووریا لەگەڵ دەسەڵاتە خۆجێیەکان بەرپرسیارن لە پاراستنی هەموو سوورییەکان، بەبێ هیچ جیاکارییەک".
یەکێتیی ئەوروپا داوای لە هەموو لایەنەکان کرد دەستبەجێ کۆتایی بە توندوتیژییەکان بهێنن و ڕێکاری خێرا بگرنەبەر بۆ ڕێگریکردن لە هاندان و گوتاری تایفی. هەروەها داوای لە ئیسرائیل و هەموو لایەنە دەرەکییەکانی دیکە کرد کە بە تەواوی ڕێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا بگرن.
یەکێتیی ئەوروپا نیگەرانی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە بوونی سەدان قوربانی لە ئەنجامی توندوتیژییەکانی ڕۆژانی ڕابردوودا، بەتایبەتی ئەوانەی کە لەلایەن چەندین گرووپی چەکدارەوە دژی هاووڵاتییانی سڤیل ئەنجام دراون و داوای کرد لێپرسینەوە لە هەموو ئەنجامدەرانی پێشێلکارییە مەترسیدارەکانی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی بکرێت و ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە.
بەپێی دوایین ئاماری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەو توندوتیژییانەی کە لە ڕۆژی یەکشەممەوە لە سوەیدا دەستیان پێکرد، بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 940 کەس.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.