لە نەخۆشخانەی هەرس و جگەری فێرکاری لە سلێمانی، تیمێکی پزیشکی توانیان بە سەرکەوتوویی تەنێکی نامۆ لە گەدەی ئافرەتێكی تەمەن 90 ساڵاندا دەربهێنن، کە ماوەی 6 ساڵ بوو سەری قوتووی بوتڵی دەرمانەکەی قوتدابوو. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند، باری تەندروستیی نەخۆشەکە جێگیرە.
ئەمڕۆ شەممە 19ـی تەمووز، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، تیمێکی پزیشکیی بەشی هەناوبینی لە نەخۆشخانەی هەرس و جگەری فێرکاری، نەشتەرگەرییەکی دەگمەنیان بۆ دەرهێنانی تەنێکی نامۆ ئەنجام داوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، چارەخوازەکە ئافرەتێکی تەمەن 90 ساڵانە، کە ماوەی 6 ساڵ پێش ئێستا لە کاتی خواردنی دەرمانە درێژخایەنەکانیدا، بە هەڵە سەری قوتووی بوتڵی دەرمانەکەی قوتدابوو و چووەتە ناو گەدەیەوە.
تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، لەلایەن تیمی پزیشکییەوە سەری قوتووەکە لە گەدەیدا دەرهێنراوە و لە ئێستادا باری تەندروستیی ئەو ئافرەتە بەتەمەنە جێگیرە و لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.