Erbil 31°C یەکشەممە 21 حوزەیران 01:48

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: لە سووریای ئەحمەد شەرعدا مەترسیدارە ئەگەر کورد یا درووز بیت

کوردستان TV
100%


وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند حکوومەتی ئەحمەد شەرع لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا چەندین جار سەلماندوویەتی لەم وڵاتە زۆر مەترسیدارە ئەگەر سەر بە یەکێک لە کەمینەکانی کورد، درووز، عەلەوی یا مەسیحی بیت.

ڕۆژی شەممە 19ی تەمووزی 2025، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لە کاردانەوەیەکدا بەرانبەر بە گوتارێکی  سەرۆکی حکوومەتی کاتیی سووریا سەبارەت بە ڕاوەستانی شەڕ لە سوەیدا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند: گوتارەکەی ئەحمەد شەرع پشتیوانییەکی ئاشکرا بوو لە هێرشبەرە جیهادییەکان و بەتاوانبارکردنی قوربانییەکان واتا درووزییە هێرش لێکراوەکان بوو.

بە گوتەی گیدعون ساعیر، ئەحمەد شەرع عەشیرەتە بەدەوییە هێرشبەرەکانی وەک هێمای بەها و بنەما بەرزەکان ناوبردووە و هەموو ڕووداوەکانی سوەیداشی بە بیردۆزی پیلانگێڕی و تۆمەتبارکردنی ئیسرائیل ئاوێتە کردبوو.

ئاماژەی بەوەش کردووە ئەم قسانە مانایان ئەوەیە "لە سووریاکەی ئەحمەد شەرعدا زۆر مەترسیدارە ئەگەر سەر بە کەمینەیەک - کورد، درووز، عەلەوی یا مەسیحی – بیت، و ئەمەش لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا چەندین جار سەلمێنراوە".

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل جەختیشی کردەوە: "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەرکی لەسەرشانە کە ئاسایش و مافەکانی کەمینەکان لە سووریا مسۆگەر بکات و دووبارە وەرگرتنەوەی سووریا بۆ ناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە مەرجی پاراستنیانەوە ببەستێتەوە."

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.