سەرۆکایەتیی ڕۆحیی درووزەکانی سووریا، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بۆ کۆتاییهێنان بە پێکدادانەکانی ئێستا و ڕاگرتنی ئاگر و گەڕانەوە بۆ دەنگی عەقڵ و حیكمەت و مرۆڤایەتی، نەک چەک و ئاژاوە، دەستی هاوکاری بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر مرۆڤێکی شەریف درێژ دەکات.
لە بەیاننامەیەکدا، سەرۆکایەتیی ڕۆحیی درووزەکان جەختی کردەوە ڕۆڵەکانی تایفەی مەعروفی (درووزەکان) هەرگیز بانگەشەکاری دووبەرەکی و ئاژاوە نەبوون، بەڵکوو بە درێژایی مێژوو چرایەکی ڕووناک بوون بۆ مرۆڤایەتی و برایەتی و هەمیشە ناوچەی جەبەل پەناگەیەک بووە بۆ هەر ستەملێکراو و ترساوێک.
سەرۆکایەتیی ڕۆحیی درووزەکان دەڵێ: "دوای هەموو ئەو خوێنە پاکەی کە بەسەر خاکماندا ڕژا، ئەمڕۆ جارێکی دیکە بانگەوازەکەمان بۆ گەڕانەوە بۆ مرۆڤایەتی نوێ دەکەینەوە و دەستی هاوکاری درێژ دەکەین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر مرۆڤێکی شەریفدا بۆ کۆتاییهێنان بە پێکدادانەکانی ئێستا و ڕاگرتنی ئاگر و گەڕانەوە بۆ دەنگی عەقڵ و حیكمەت و مرۆڤایەتی، نەک چەک و ئاژاوە".
پاش ئەوەی لە حەفتەی ڕابردوودا و لە ئەنجامی پێکدادانی هۆزە عەرەبەکان و کەمینەی ئایینیی درووز لە پارێزگای سوەیدای باشووری رۆژئاوای سووریا، هێزەکانی سوپای سووریا هێرشیان کردە سەر درووزییەکان و سەدان کەس بوونە قوربانی، سوپای ئیسرائیل هێزەکانی سەر بە سوپای سووریا و چەندین شوێنی حکوومی و سەربازیی لە سووریا بۆردومان کرد.
چاودێری مافی مرۆڤی سووریا دەڵێ لە پێکدادنەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم 638 کەس لە هەموو لایەنەکان کوژراون و تۆڕی مافی مرۆڤی سووریاش کوژرانی 321 کەسی تۆمار کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.