فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر کۆتایی پێ هاتووە و لە کاتژمێرێکدا 10 هەزار مەتر سێجا ئاوی پاک بۆ 20 گەڕەکی هەولێر دابین دەکات.
ڕۆژی شەممە 19ی تەمووزی 2025، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "بۆ چارەسەرکردنی کەمیی ئاوی خواردنەوە لە هەولێر، پارساڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بەردی بناغەی پرۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێری دانا و بە ماوەی کەمتر لە ساڵێک تەواو کرا".
ئاماژەی بەوەش کردووە تێچووی پڕۆژەکە 480 ملیۆن دۆلار بووە و لە کاتژمێرێکدا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ شاری هەولێر دابین دەکات.
بە پێی ڕاگەیاندراوەکە: " قۆناغی یەکەم و تەواوبووی پرۆژەکە 10 هەزار مەتر سێجا، دوای فلتەرکردن و پاککردنەوەی بە ستانداردی نێودەوڵەتی، ئاو بۆ 20 گەڕەکی هەولێر دەگوازێتەوە و ئاوی پاک دابین دەکات".
پێشتر سەرچاوەی ئاوی پاک لە هەرسێ پرۆژەی ئیفراز (1 و 2 و 3) 10 هەزار مەتر سێجا بوو، بەڵام ئەم پرۆژەیە دووبەرابەری ئەو سێ پرۆژەیە بەرهەمی ئاوی هەیە و تا 30 ساڵی داهاتوو کێشەی ئاو لە هەولێر چارەسەر دەکات.
پڕۆژەکە بە کەمتر لە کاتی دیاریکراو و بە کۆمپانیا و دەستی کاری خۆماڵی جێبەجێ کرا، بڕیارە مانگی 11ی ئەمساڵ قۆناغی دووەم تەواو بێت و ئاو بگەیەنێتە گەڕەکەکانی هەولێر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.