Erbil 31°C شەممە 20 حوزەیران 04:41

لەسەر ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی کوت 20 بەرپرس سڕ کران

کوردستان TV
100%

ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەری خستووە ئەو ئاگرەی لە مۆڵێکی کوت کەوتەووە و گیانلەدەستدانی 62 کەسی لێ کەوتەوە، بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسان و لایەنی پەیوەنیدارەوە بووە.

ڕۆژی شەممە، 19ـی تەمووز، عەمید میقداد میری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ڕایگەیاند: ''لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەڵگە و بەراوردکردنی مەیدانییان لەگەڵ وتەی شایەتحاڵ و بەرپرسەکان، بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوەکە دەرکەوتووە کەمتەرخەمییەکی ڕوون لەلایەن ژمارەیەک بەرپرس و فەرمانبەرەوە لە چەندین فەرمانگەدا هەبووە، کە بووەتە هۆی گەورەبوونی قەبارەی کارەساتەکە و ئەو زیانانەی لێی کەوتووەتەوە''.

وتیشی، لیژنەکە بڕیاری داوە بە شێوەیەکی کاتی 17 فەرمانبەر لە پارێزگای واست/ناوەندی کوت لە کارەکانیان سڕ بکات، تاکوو ڕێکارە لێکۆڵینەوەیی و کارگێڕییەکان لە دژیان تەواو دەکرێت. ڕوونیشی کردەوە کە لیژنەکە هەروەها بڕیاری سڕکردنی سێ ئەفسەری داوە کە بریتین لە: بەڕێوەبەری بەشی ئاسایشی گەشتیاری، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی و فەرماندەی بەشی یەکەمی بەرگریی شارستانی.

ڕوونیشی کردەوە، ئەم ڕێکارانە پاڵپشتن بە بڕگەکانی یاسای سزادانی عێراقیی هەموارکراوی ساڵی 1969 و ئەو دەسەڵاتانەی بە لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە دراون، بە مەبەستی تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان و لێپرسینەوە لە هەموو کەمتەرخەمەکان بەبێ جیاوازی.

جەختیشی کردەوە، لیژنەکە لە کارەکانی بەردەوامە تا ئەو کاتەی لێکۆڵینەوەکان بە تەواوەتی کۆتاییان دێت و ئەنجامە کۆتاییەکانیش هەر کە تەواو بوون، بە شەفافییەتەوە بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکرێنەوە، وەک پابەندبوونێک بە بنەمای دادپەروەری و بۆ لێپرسینەوە لە هەر کەسێک کە بەهۆی کەمتەرخەمییەوە بووبێتە هۆی ئەم کارەساتە.

ئەو ئاگرەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە مۆڵێکی بازرگانی لە پارێزگای واست کەوتەوە، بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 63 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 50 کەسی دیکە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.