تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا ڕایگەیاند ئیسرائیل و سووریا لەسەر ئاگربەست ڕێک کەوتوون.
بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە 19ی حوزەیران، تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا کە هاوکات نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریایە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆککۆماری سووریا بە پشتیوانیی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەسەر ئاگربەستێک رێک کەوتوون کە لە لایەن تورکیا، ئوردن و دراوسێکانی دیکەی دوو وڵاتەوە پێشوازیی لێ کراوە.
تۆم باراک داوای لە درووزییەکان و هۆزە عەرەبەکان و سوننەکان کرد چەکەکانیان دانێن و لەگەڵ کەمینەکانی دیکە شوناسێکی نوێ و یەکگرتووی سووری دروست بکەن و لەگەڵ دراوسێکانیان لە ئاشتی و خۆشگوزەرانیدا بژین.
پاش ئەوەی لە حەفتەی ڕابردوودا و لە ئەنجامی پێکدادانی هۆزە عەرەبەکان و کەمینەی ئایینیی درووزی لە پارێزگای سوەیدای باشووری رۆژئاوای سووریا، هێزەکانی سوپای سووریا هێرشیان کردە سەر درووزییەکان و سەدان کەس بوونە قوربانی، سوپای ئیسرائیل هێزەکانی سەر بە سوپای سووریا و چەندین شوێنی حکوومی و سەربازیی لە سووریا بۆردومان کرد.
هێزەکانی سوپای سووریا بە پێشێلکاریی بەربڵاو لە دژی کەمینەی دروووزی تۆمەتبار کراون و سەرۆکوەیزران و وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش جەختیان کردووەتەوە پابەندن بەوەی درووزییەکان بپارێزن.
ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە حکوومەتی سووریا لە لێكدانەوەیەکی هەڵەدا پێی وابووە ئەمریکا و ئیسرائیل گڵۆپی سەوزیان بۆ ناردنی هێزەکانی حکوومەت بۆ سووەیدا داگیرساندووە.
چاودێری مافی مرۆڤی سووریا دەڵێ لە پێکدادنەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم 638 کەس لە هەموو لایەنەکان کوژراون و تۆڕی مافی مرۆڤی سووریاش کوژرانی 321 کەسی تۆمار کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.