شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سهرۆكی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی له پهیامێكدا سهبارهت به لێکتێگەیشتنی نێوان حكوومهتی ههرێم و حكوومهتی فیدراڵ، وێڕای دهربڕینی خۆشحاڵی بۆ خهرجكردنی مووچهی فهرمانبهران، جهخت لهسهر ڕۆڵی یهكڕیزیی هێزه سیاسییهكان و خۆڕاگریی خهڵكی كوردستان دهكاتهوه له شكستپێهێنانی پیلانگێڕییهكان. هاوكات ڕهخنه لهو كهس و لایهنانه دهگرێت كه به شێوهیهكی نابهرپرسانه ههوڵی تێكدانی ڕێككهوتنهكانیان داوه.
دهقی پهیامهكه:
دوای لێکتێگەیشتنی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی ئیتحادی، ئەم چەند خاڵە دەخەمەڕوو:
یەکەم: مایەی خۆشحاڵییە دوای 80 ڕۆژ، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەواڵێکی خۆش دەبیستن، کە ئەویش سەرفکردنی مووچەی مانگەکانی (5) و (6)ی ساڵی 2025.
دووەم: ئەگەر هۆشیاریی خەڵکی کوردستان و درککردنیان بە پیلانی لەناوبردنی ئەزموونی هەرێم و خۆشەویستییان بۆ خاک و نیشتمان نەبووایە، ئەوە چ ئیرادەیەک دەیتوانی بەرگەی سەختیی ژیان و بێمووچەیی بگرێت بۆ ماوەی نزیکەی سێ مانگ؟ ئەم هەڵوێستەی خەڵکی کوردستان لە کاتێکدا مایەی سوپاس و پێزانینە، لە هەمان کاتدا هەموو ئەو دەنگۆیانەشی لە گۆڕ نا کە دەیانگوت ئینتیمای نیشتمانی لای خەڵکی هەرێمی کوردستان نەماوە یان لاواز بووە.
سێیەم: دیسان ئەوە سەلمێندرا کە هێز لە یەکگرتن و یەکڕیزییدایە و چەکێکی بەهێزە بۆ زامنکردنی مافەکانمان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پیلانێک لە دژی خەڵک و خاکی هەرێمی کوردستان.
چوارەم: مایەی داخە هەندێک کەس و لایەن، کە لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکەن، نابەرپرسانە مامەڵەیان لەگەڵ پرسی مووچەی فەرمانبەران کرد. بەداخەوە هەرکات نزیکبوونەوە و ڕێککەوتن دروست دەبوو، لێدوانێکی نابەرپرسانە یان بڵاوکردنەوەی داتایەکی نادروست، ڕێککەوتنەکانی دوادەخست تا ئەو کاتەی دەسەلمێنرا کە ئەو زانیارییە دوورە لە ڕاستییەوە. بەداخەوە خۆشباوەڕیی بەرپرسانی ئیتحادیش بۆ ئەو "فەیسبووکچی و لایڤچییانە" لە جێی خۆی نەبوو، تاوەکو ئەم دواییانە بۆیان دەرکەوت کە تەنها ئەو داتا و ژمارانە ڕاستن کە لەلایەن حکوومەتەوە و بە فەرمی پێشکەشیان دەکرێت.
پێنجەم: پێشنیاز دەکەم لە هەر بارودۆخێکدا کۆمەڵێک پرەنسیپ و پیرۆزی و بەهای نیشتمانی هەیە، بیانپارێزین و تەجاوزیان نەکەین. ناکرێت هێزێکی سیاسی هەبێت یان کەسێک لە هەرێم حەز بکات مووچە سەرف نەکرێت و خەڵک برسی بکرێت و کێشەکان بەردەوام بن، تەنها بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردن سوودی لێ وەربگرێت.
شەشەم: سوپاس بۆ یەکدەنگیی هێزە سیاسییەکان لەمەڕ ئەم پرسە، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی. سوپاسی تایبەت بۆ جەنابی سەرۆک بارزانی کە بۆ ئەم پرسە بەردەوام لەسەر هێڵ بوو و هەمیشە نیگەرانیی خۆی لە سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان بە هێزە سیاسییەکانی ناوخۆ و دەرەوە دەگەیاند. سوپاس بۆ بەڕێز سەرۆکی هەرێم و سوپاسێکی تایبەت بۆ بەڕێز سەرۆکی حکوومەت، کاک مەسروور بارزانی، کە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە نەرمیی زۆری نواند و دەستبەرداری بەشێک لە مافەکانی هەرێم بوو. سوپاس بۆ شاندی حکوومەتی هەرێم و پشوودرێژییان. سوپاس بۆ بەرپرسانی کورد لە بەغدا، ئەوانەی ڕۆڵیان هەبوو لە یەکترگەیاندن و چارەسەرکردنی گرفتەکان.
لەکۆتاییدا هیوادارم ئەم پرسە بەشێوەیەکی یەکجاری کۆتایی پێ بێت و چیتر قووتی خەڵکی کوردستان تێکەڵ بە کێشەی سیاسی و کارگێڕی و هونەری نەکرێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.