شەوی رابردوو لە ماركێتێكی شاری كووت ئاگرێكی گەورە كەوتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 60 كەس گیانیان لەدەست دا و 40ی دیكەش بریندار بوون. كەوتنەوەی ئاگرەكە گەندەڵییەكی گەورەی بەرپرسانی شارەكە ئاشكرا دەكات.
محەمەد میاحی پارێزگاری واسیت لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: خاوەنی مۆڵەكە بەر لە دوو ساڵ مامەڵەی دروستكردنی خانووی نیشتەجێبوونی بۆ زەوییەكە كردووە، بەڵام دواتر بەبێ رەزامەندی فەرمانگەكان كردوویەتی بە باڵەخانەیەكی 5 نهۆمی.
گوتیشی: لێكۆڵینەوە دەستپێكراوە بۆ ئەوەی بزانرێت مۆڵەكە چۆن دروستكراوە و فەرمانگە و دامودەزگاكان چۆن لێی بێ ئاگا یاخو چاوپۆشییان لێ كردووە، چونكە باڵەخانەكە هیچ مۆڵەتێكی وەبەرهێنانی لە شارەوانی و دەستەی وەبەرهێنان نییە.
محەمەد میاحی هەروەها گوتی: باڵەخانەكە سەرەتا كراوەتە چێشتخانە، بەڵام دوای شكستهێنان كراوەتە مۆڵی فرۆشتنی جلوبەرگ و پڕ لە كەلوپەل و جلوبەرگ كراوە.
پارێزگاری واسیت نەشی شاردەوە كە لەنێو قوربانییەكان كوڕ و بەشێك لە ئەندامانی خێزانی خاوەنی مۆڵەكە هەیە. ئاماژەی بەوەش دا كە زۆربەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە لەنێو كۆگا و شوێنی دەستشۆرەكان دەرگەیان لەسەر خۆیان داخستبوو بۆیە نەتوانراوە رزگاریان بكرێت.
گوتیشی كە لیژنە پێكهێنراوە و چاوەڕێی ئەنجامەكانی ئەو لیژنەیەن. جەختیشی كردەوە كە هەر كەس و لایەنێك كەمتەرخەم بێت توندترین سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.