سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا پێشوازیی لە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ لەسەر لێک تێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا کردووە و دەڵێ چاوەڕوانین حکوومەتی فیدراڵ، مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بنێرێت.
ڕۆژی پێنجشەممە 17ی تەمووزی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ڕایگەیاندووە: "دوای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێناو بەرژەوەندی و کەمکردنی فشار لەسەر خەڵکی کوردستان، هەموو نەرمییەکی نواند و پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کرد و دوای هەوڵ و گفتوگۆیەکی زۆر، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵیش، ڕەزامەندیی لەسەر لەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ دا".
لە پەیامەکەی مەسرور بارزانیدا هاتووە: "پێشوازی لەو هەنگاوە دەکەین و چاوەڕوانین حکومەتی فیدراڵ، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێزانینی زۆری خۆی بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژیی خەڵکی کوردستان دەربڕیوە و سوپاسی ماندووبوونی هەموو ئەوس کەس و لانەیانەشی کردووە کە هەوڵیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە داوە و بەردەوام هاوکار و پاڵپشتی حکوومەت بوون.
هیواشی خواستووە مووچە و شایستە داراییەکان، کە مافێکی ڕەوای خەڵکی کوردستانە، چیتر تێکەڵی هیچ کێشە و ناکۆکییەک نەکرێت و لە چوارچێوەی دەستوور و بە ڕێزگرتن لە ڕێککەوتنەکان، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن.
مەسرور بارزانی جەختیشی کردووەتەوە: "دەبێ کۆتاییش بەو هێرشانە بێت کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش کێڵگە نەوتییەکان". هیواشی خواستووە "حکومەتی فیدراڵ، هاوکار بێت لە دۆزینەوری ئەو تێکدەرانە و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی لە دژیان".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.