Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 15:19

لەندەن قەدەغەکردنی بۆ سه‌ر هێڵی ئاسمانیی پاکستان هەڵگرت

کوردستان TV
100%

باڵیۆزخانەی بریتانیا لە پاکستان رایگەیاند، لەندەن له‌مڕۆ چوارشەممەوه‌ قەدەغەکردنی پێنج ساڵەی لەسەر هێڵە ئاسمانییەکانی پاکستان هەڵگرت، ئەمەش دوای بڕیارێکی هاوشێوەی یەکێتیی ئەوروپا.

هێلی ئاسمانیی نێوده‌وڵه‌تیی پاكستان لە مانگی ئایاری 2020دا لە ئاسمانیی ئەوروپا و بریتانیا و ئەمریکا قەدەغە کران، ئەمەش دوای مانگێک لە کەوتنەخوارەوەی یەکێک لە فڕۆکەکانی کۆمپانیای ئەیرباس لە شاری کەراچی كه‌ گەورەترین شاری پاکستانه‌ كه‌ بەهۆیەوە 97 کەس گیانیان لەدەستدا.

ڕووداوەکە بەهۆی هەڵەی ته‌كنیكیی فڕۆکەوانان و کۆنترۆڵکەرانی هاتوچۆی ئاسمانییەوە بوو، ئەمەش وایکرد ئیسلام ئاباد دان بەوەدا بنێت کە نزیکەی 150 فڕۆکەوانی مۆڵەتی شۆفێری ساختەیان هەبووه‌ یان بە فێڵکردن لە تاقیکردنەوەکاندا ده‌رچوونە.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 16ی ته‌مووز، ئاژانسی هه‌واڵی "فرانس پریس" بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، باڵیۆزخانەی بریتانیا لە پاکستان لە بەیاننامەیەکدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕیووه‌ بەرامبەر بە بڕیارەکەی دەستەی سەلامەتی فڕۆکەوانی بریتانیا، دوای پێداچوونەوەی تەکنیکیی سەلامه‌تی بۆ لابردنی هێڵە ئاسمانییەکانی پاکستان لە لیستی قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان بۆ سه‌ر ئاسمانی ئه‌و وڵاته‌.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، هێشتا پێویستە هێڵە ئاسمانییەکان داوای مۆڵەت بکەن و رەزامەندی فەرمی بۆ ئەنجامدانی گەشتەکان بۆ بریتانیا لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی بەریتانیا وەربگرن.

پاکستان لای خۆیه‌وه‌، حكوومه‌تی پاكستان رایگه‌یاندووه‌، به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ ئامادەکاری دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی بۆ شانشینی یەکگرتوو لە زووترین کاتدا.

خواجە محمد ئاسیف وەزیری بەرگریی پاکستان لە لێدوانێکدا رایگه‌یاندووه‌: "بەهۆی ئەو سنووردارکردنانەی کە بەسەر هێڵە ئاسمانییەکانماندا سەپێنرابوون، پارەیەکی زۆرمان لەدەستداوە"، هەڵگرتنی قەدەغەکردنی بە "خاڵی وەرچەرخانێکی گەورە" وەسفکرد و ئاسوودەیی خۆی دەربڕی لە گەڕاندنەوەی متمانە بە هێڵە ئاسمانییەکانی پاکستان.

 

جیهان ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.