وەزارتی پلاندانانی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، عێراق پارەی بژمێژەكانی پڕۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووانی ناردووە و لە چەند رۆژی داهاتوودا دابەش دەكرێت.
وەزارەتی پلاندانان ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاوی كردەوە "لە ماوەی 7 مانگی ڕابردوودا دوای هەوڵێکی زۆر و بەدواداچوونی بەردەوام لەلایەن وەزیری پلاندانانی هەرێم و بریکاری وەزارەت، توانرا بەشی شایستەی دارایی تایبەت بە بەڕێوەبەرەکان و یاریدەدەرەکان و بژمێرەکان، لە حکوومەتی عێراق وەربگیرێ".
بڵاویشی كردەوە "رێکارە کارگێڕی و داراییەکان تەواو کراون و لەمڕۆوە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاماری پارێزگاکان هەڵدەستن بە ڕێکخستنی کارەکانیان بۆ دابەشکردنی ئەو شایستە داراییانە لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا".
وەزارەتی پلاندانان جەختیشی كردەوە كە "هێشتا زیاتر لە 13 ملیار دینار ماوە بنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان، تایبەت بەو خەرجییانەی فەرمانبەرانی وەزارەت و دەستەی ئامار و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە دەستە لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، سەرباری ئەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی پێ دەرچووە و دامودەزگاکانی حکوومەتی عێراق کەمتەرخەمی دەکەن لە جێبەجێیکردنی".
گوتیشی كە "وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بەردەوامدا دەبێت بۆ وەرگرتنی تەواوی مافە داراییەکان کە نەدراون، تاکو مافی فەرمانبەرانی ئامار لە هەرێم نەفەوتێت".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.