بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئاشكرای دەكات كە ئەوان رازی بوون بە راگەیاندنی ئاگربەست و راگرتنی جەنگ لە غەززە، بەڵام بزووتنەوەی حەماس رەتی كردبووەوە.
نەتانیاهۆ ئەمرۆ یەكشەممە لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) گوتی: ئیسرائیل بە پێشنیارەكانی ویتكۆف نێردەی ئەمریكا و نێوەندگیرەكان سەبارەت بە راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە رازی بوو، بەڵام بزووتنەوەی حەماس رازی نەبوو.
نەتانیاهۆ هەروەها گوتی: لە سەردانەكەم بۆ ئەمریكا گەڕامەوە، بەشێوەیەكی گشتی سەردانەكە سەركەوتوو بوو دوای سەركەوتن بەسەر ئێران، كاری زۆرمان ماوە و هەروەها دەرفەت و هەلی سەركەوتنی زیاتریش لەپێشمانە و پێداگیرین لەسەر بەدەستهێنانی هەر هەموویان.
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی: حەماس دەیەوێت لە غەززە بمێنێتەوە و ئێمە پاشكەكشە بكەین، هەروەها دووبارە خۆی پڕچەك بكاتەوە بۆ ئەوەی هێرشمان بكاتەوە سەر، بەدڵنیاییەوە ئەمە قبووڵ ناكەین.
سەبارەت بە دیلەكانیش، نەتانیاهۆ رایگەیاند: چەند جارێك چاوم بە خێزانی دیلەكان كەوتووە و لە ئازارەكانیان تێدەگەم، بەڵام ئامانجی ئێمە ئەوەیە كە دیلەكان بگەڕێنینەوە و هەروەها بزووتنەوەی حەماسیش لەناو ببەین.
لە كۆتاییدا جەختی كردەوە كە ئەوان وەك ئیسرائیل پێداگیرن لەسەر رزگاركردنی سەرجەم دیلەكان و بەدەستهێنانی هەموو ئامانجەكانی جەنگ لە غەززە كە ئەویش لەناوبردنی تواناكانی حەماسە بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە جارێكی دیكە نەبێتەوە جێگەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.