پارێزگای هەولێر رایدەگەیێنێت، بڕیاردراوە لە 16ـی تەمووزەوە بازگەکان بەڕووی جووتیارانی سنووری مەخموور، گوێڕ و دیبەگەدا بکرێنەوە بۆ ئەوەی بتوانن بەرهەمی گەنمەکانیان لە بازاڕەکانی هەولێر ساخ بکەنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی تەمووز، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ساغکردنەوەی گەنم و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی جووتیارانی سنووری قەزای مەخموور.
بەپێی راگەیێندراوێکی پارێزگای هەولێر، لە کۆبوونەوەکەدا کە جێگرانی پارێزگارانی هەولێر و نەینەوا، قایمقامی مەخموور و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی کشتوکاڵی و ئەمنی ئامادەی بوون، هەڵوەستە لەسەر کێشەی گەنمی جوتیارانی سنووری ماددەی 140 کراوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا "لە پێناو خزمەتی گشتیی جووتیارانی ئەو سنوورە، لە 16ـی ئەم مانگەوە بازگەکان بۆ جووتیارانی گوێڕ و دیبەگە و مەخموور ئازاد دەکرێن بە مەبەستی ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان لە هەولێر."
سەبارەت بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکەش، بڕیاردراوە ئاسانکاری بۆ جووتیاران بکرێت تاوەکو بەرهەمەکانیان بهێننە بازاڕەکانی هەولێر، بەو مەرجەی رێگەپێدانی فەرمییان لەلایەن دامەزراوە کشتوکاڵییەکانەوە بۆ دابین کرابێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.