Erbil 31°C ھەینی 14 ئاب 18:25

نەتانیاهۆ: لەگەڵ حەماس رێکبکەوین بن گڤیر ده‌ست له‌ كار دەكێشێته‌وه‌

کوردستان TV
100%

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، پێشبینی دەکات لە ئەگەری ئەنجامدانی هەر رێککەوتنێک لەگەڵ حەماس سەبارەت بە غەزە و بارمتەکان، ئیتمار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل دەست لە پۆستەکەی بکێشێتەوە.

رۆژی یەکشەممە 13ـی تەمووز، رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" بڵاویکردەوە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پێشبینی دەکات ئیتمار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی، جارێکی دیکە پارتی "عۆتسما یەهودیت"ـی راستڕەوی توندئاژۆ لە حکوومەت بکشێنێتەوە، ئەگەر رێککەوتنێکی دیکەی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان لەگەڵ حەماس واژۆ بکرێت.

پێشتریش بن گڤیر دوای واژۆکردنی رێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ، لە حکوومەت کشابووەوە، بەڵام دوای نزیکەی دوو مانگ و لەگەڵ دەستپێکردنەوەی شەڕ، پارتەکەی گەڕایەوە ناو هاوپەیمانێتییه‌كه‌.

بن گڤیر بە توندی دژایەتیی واژۆکردنی هەر رێککەوتنێک لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکات بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان و کۆتاییهێنان بە شەڕ لە غەزە، تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت.

بن گڤیر هەوڵی ئەوە دەدات وەزیری دارایی کە هاوپەیمانێتی، ڕازی بکات کە بەرەیەکی یەکگرتوو لەناو حکوومەتدا دژی هەر رێککەوتنێک لەگەڵ حەماس پێکبهێنێت.

کەناڵی "کان" و "کەناڵی 12" ئێوارەی شەممە بڵاویانکردەوە، سەرۆک وەزیران هەریەک لە بن گڤیر و سمۆتریچی بۆ کۆبوونەوەیەک بانگهێشت کردووە، بە ئەگەری زۆرەوە بۆ ئەوەی بن گڤیر ڕازی بکات لە حکوومەتدا بمێنێتەوە و سمۆتریچ لەوە پاشگەز بکاتەوە کە شوێنپێی بن گڤیر هەڵبگرێت.

هەردوو پارتی "عۆتسما یەهودیت" بە سەرۆکایەتیی بن گڤیر و "زایۆنیزمی ئایینی" بە سەرۆکایەتیی سمۆتریچ، لە کۆی 120 کورسی، خاوەنی 13 کورسیی کۆنسێتن، لە کاتێکدا هاوپەیمانێتییه‌ دەسەڵاتدارەکەی نەتانیاهۆ خاوەنی 67 کورسییە.

هەوڵەکانی نەتانیاهۆ بۆ هێشتنەوەی هاوپەیمانە راستڕەوەکانی، لە کاتێکدایە کە راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، دانوستانە چڕەکان لە دەوحە لەسەر ئاگربەستێکی 60 رۆژە و گەڕاندنەوەی 10 بارمتەی ئیسرائیلی و تەرمی 18 بارمتەی دیکە بۆ ئیسرائیل، لەسەر لێواری داڕمانن.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.