بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند، ئاگر لە کارگەیەکی کۆکردنەوەی کارتۆن لەسەر رێگەی هەولێر - گوێڕ کەوتەوە و لەلایەن تیمەکانیانەوە کۆنترۆڵ کراوه. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیش دەڵێت، هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 12ـی تەمووز، شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە "دیجیتاڵ میدیای کوردستان تیڤی" راگەیاند: "ئەمشەو ئاگر لە کارگەیەکی کۆکردنەوەی کارتۆن لەسەر رێگەی هەولێر - گوێڕ کەوتەوە و دوای ئاگادارکردنەوەمان راستەوخۆ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە."
شاخەوان سەعید دەڵێت: "پێنج تیمی ئاگرکوژێنەوە بەشدارییان لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدا کرد. لە ئێستادا ئاگرەکە بەتەواوی کۆنترۆڵ کراوە و تیمەکانمان سەرقاڵی کاری کڵپەسەندنەوە و پاککردنەوەی شوێنەکەن."
سەبارەت بە زیانەکان، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر جەختی کردەوە کە رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە و لێکۆڵینەوەش بۆ زانینی هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە دەستی پێ کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.