وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، چەندین پەیامیان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا پێگەیشتووە، بەڵام هیچ پەلەیەکیان نییە بۆ چوونە نێو دانوستاندنی بێبەرنامە و لە ئێستادا سەرقاڵی تاوتوێکردنی کات، شوێن و ئەو دڵنیاییانەن کە پێویستن.
ئەمڕۆ شەممە 12ـی تەمووز، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەمریکییەکان خیانەتیان لە دیپلۆماسی کرد کاتێک لە ناوەڕاستی دانوستاندندا رێڕەوەکەیان گۆڕی بۆ بژاردەی سەربازی، ئەگەر سوورن لەسەر گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ، کە ئێستا ئەو سووربوونە هەیە و پەیامی زۆرمان پێگەیشتووە، سرووشتییە کە ئێمە دەبێت دڵنیا ببینەوە کە هەڵسوکەوتێکی وا دووبارە نابێتەوە."
عێراقچی ئاماژەی بەوەش کرد کە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا شتێک بە ناوی گەرەنتی بوونی نییە، بەڵام پێویستە دڵنیایی وەربگرن کە ئەمجارە ئەمریکا پەنا بۆ بژاردەی سەربازی نابات ئەگەر لەسەر مێزی گفتوگۆ بە ئامانجەکانی نەگات.
سەبارەت بە هەڕەشەی سێ وڵاتە ئەوروپییەکە (بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا) بۆ بەکارهێنانی میکانیزمی پەلەپیتکە (Snapback)، عێراقچی گوتی: "ئەمە گەورەترین هەڵەیە کە ئەوروپییەکان دەتوانن بیکەن و دۆسیە ئەتۆمییەکە زۆر ئاڵۆزتر دەکات، هاوشێوەی ئەو هەڵەیەی ئەمریکییەکان کردیان."
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران نە چارەسەری سەربازیی هەیە و نە بە رەوانەکردنی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش چارەسەر دەبێت، بەڵکو تەنیا رێگە بریتییە لە دانوستاندنێک کە تێیدا بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران و مافی پیتاندنی یۆرانیۆم پارێزراو بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.